پەرلەمانتارێکی ئێران بۆ کوردستان24: گەرووی هورمز ناگەڕێتەوە بۆ دۆخی پێش جەنگ

گوتەبێژی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی ئێران، دووپاتی دەکاتەوە، جارێکی دیکە هاتوچۆی دەریاوانی لە گەرووی هورمز ناگەڕێتەوە بۆ دۆخی پێش جەنگ. دەشڵێت، "ئامادەکاریمان بۆ دەستپێکردنەوەی جەنگ کردووە".

ئەمڕۆ هەینی، 15ـی ئایاری 2026، ئیبراهیم رەزایی، گوتەبێژی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی و بەرگریی پەرلەمانی ئێران لە لێدوانێکی تایبەتدا بە کوردستان24ی راگەیاند، پڕۆژەیاسای دابینکردنی هەنگاوی ستراتیژی بۆ ئاسایشی تەنگەی هورمز لە لیژنەکەیان تاوتوێ کراوە و ئامادەیە بۆ خستنەڕوو لە کۆبوونەوەی ئاشکرای پەرلەماندا.

ئیبراهیم رەزایی ئاماژەی بەوە کرد، تاران دەیەوێت بەڕێوەبردنی تەنگەکە لە چوارچێوەیەکی یاساییدا بباتە پێشەوە.

گوتەبێژی لیژنەی ئاسایش روونی کردەوە، گەرووی هورمز چیتر ناگەڕێتەوە بۆ دۆخی پێشوو و مێژووی ئەم ناوچەیە بۆ سەردەمی پێش و دوای شەڕی ئەمدواییە دابەش دەبێت. ئیبراهیم رەزایی ئەوەشی خستەڕوو، ئێستا گەرووەکە تەنیا بۆ کەشتییە دۆستەکان کراوەیە و هاتوچۆ تێیدا دەبێت بە هەماهەنگی هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی بێت.

سەبارەت بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، گوتەبێژەکە گوتی، پەیوەندییەکان دۆستانەن، بەڵام چاوەڕوانن رێککەوتننامەی ئاسایشی نێوان ئێران و عێراق بۆ رووبەڕووبوونەوەی گرووپە چەکدارەکان بەتەواوی جێبەجێ بکرێت.

ئیبراهیم رەزایی ئاماژەی بەوە دا، ئاگربەست ئەو گرووپانە ناگرێتەوە و هەر کاتێک هەست بە مەترسی بکەن، وەڵامیان دەبێت و هێرشی پێشوەختە ئەنجام دەدەن.

رەزایی باسی لەوەش کرد، تاران بۆ هەموو سیناریۆیەکی فراوانبوونی ململانێکان ئامادەیە. گوتەبێژەکە دەڵێت، سەرنجیان لەسەر بەهێزکردنی توانای بەرگرییە و ئەگەر ململانێی نوێ بێتە ئاراوە، وەڵامەکەیان بۆ دوژمن زۆر بەهێزتر دەبێت.

سەرهەڵدانی جەنگی ئێران

رۆژی 28ـی شوباتی 2026، ئیسرائیل و ئەمریکا دەستیان کرد بە ئۆپەراسیۆنێکی گەورەی هاوبەشی سەربازی بۆ سەر ئێران.

ئەم هێرشانە سەدان ئامانجی سەربازی، دامەزراوەی مووشەکی، بەرگری ئاسمانی و ناوەندەکانی سەرکردایەتیان لەو وڵاتە کردە ئامانج. لە ئەنجامدا رێبەری باڵای ئێران، عەلی خامنەیی و دەیان سەرکردە و فەرماندەی سەربازیی ئێران کوژران.

لە وەڵامی هێرشەکان، رۆژانە سوپای پاسدارانی ئێران بە مووشەک و درۆن هێرشیان کردە سەر ئیسرائیل و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی کەنداو، هەرێمی کوردستان و عێراق.

لە درێژەی جەنگەکەدا، ئێران گەرووی هورمزی داخست، کە نزیکەی 20%ی نەوتی جیهان تێیدا دەگوازرێتەوە و هێرش کردە سەر کەشتییەکان. ئەمە بووە هۆی قەیرانێکی گەورەی ئابووری جیهانی و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت.

ئەمریکاش لە وەڵامی داخستنی گەرووەکە، گەمارۆی دەریایی خستە سەر بەندەرەکانی ئێران، کەشتییەکانی دەچوونە ناو بەندەرەکانی ئێران دەگرت یان دەیانگەڕاندەوە. ئەم دوو گەمارۆیە پێکەوە هورمزیان بە شێوەیەکی بەرچاو داخست و بووە هۆی زیانێکی گەورەی ئابووری.

جەنگەکە 40 رۆژی خایاند؛ دواتر بە نێوەندگیریی پاکستان ئاگربەستێکی کاتی راگەیەنرا و گرژی و ئاڵۆزییەکان وەستان.

هەرچەندە گەڕێکی ڕاستەوخۆی دانوستانەکان لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان بەڕێوەچووە و بەرپرسانی هەردوو وڵات ڕۆژانە پەیام ئالوگۆڕ دەکەن، بەڵام تا ئێستا نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتنی کۆتایی.