ترەمپ و شی جینپینگ لەسەر چی رێککەوتن؟
لووتکەی بەیژینگ؛ چین و ئەمریکا قۆناغێکی نوێی "سەقامگیریی ستراتیژی" رادەگەیەنن و رێککەوتنی گەورە لەسەر بازرگانی و ئاشتی دەکەن
پاش کۆتاییهاتنی کۆبوونەوە مێژووییەکانی نێوان هەردوو سەرۆکەکانی چین و سەرۆکی ئەمریکا لە بەیژینگ، وەزیری دەرەوەی چین، ئەنجامی کۆبوونەوەکانی بۆ دەزگاکانی راگەیاندن خستەڕوو و رایگەیاند کە هەردوولا گەیشتوونەتە "کۆدەنگییەکی سیاسی گرنگ"؛ ئاشکراشی کرد، چین داوای کردنەوەی بە پەلەی گەرووی هورمز دەکات.
هەینی 15ی ئایاری 2026، وانگ یی، وەزیری دەرەوەی چین ئاشکرای کرد، شی جینپینگ، سەرۆکی چین و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رێککەوتوون لەسەر بنیاتنانی پەیوەندییەکی بنیاتنەر لەسەر بنەمای "سەقامگیریی ستراتیژی". ئەم دیدگایە جەخت لەسەر کێبڕکێیەکی تەندروست و بەڕێوەبردنی جیاوازییەکان دەکاتەوە، بەجۆرێک کە رێگری لە هەر جۆرە پێکدادان و جەنگێک بگرێت.
چین بە فەرمی داوای کرد کە لەسەر بنەمای بەردەوامیی ئاگربەست، گەرووی هورمز بە زووترین کات بکرێتەوە. وانگ یی گوتی: "چین هانی ئەمریکا و ئێران دەدات کە لە رێگەی دانوستانەوە جیاوازییەکانیان چارەسەر بکەن، لەوانەش پرسی ئەتۆمی." چین جەختی کردەوە کە چارەسەری بنەڕەتی لە ئاگربەستێکی هەمیشەیی و گشتگیریدایە و وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە گێڕانی رۆڵی نێوەندگیر بۆ گەڕانەوەی ئاشتی بۆ ناوچەکە.
سەبارەت بە جەنگی ئۆکرانیا، وانگ یی ڕایگەیاند، چین و ئەمریکا هیوادارن جەنگەکە لە زووترین کاتدا کۆتایی پێ بێت. هەردوولا ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ پاراستنی پەیوەندییەکان و گێڕانی رۆڵێکی بنیاتنەر بۆ گەیشتن بە چارەسەری سیاسی.
لە دەستکەوتێکی گرنگی دیکەی لوتکەکەدا، هەردوولا رێککەوتن لەسەر فراوانکردنی بازرگانیی دوولایەنە لە چوارچێوەی "کەمکردنەوەی باجی گومرگی" بڕیاریش درا ئەنجوومەنێکی بازرگانی و ئەنجوومەنێکی وەبەرهێنانی هاوبەش دابمەزرێنرێت، لەگەڵ چارەسەرکردنی کێشەکانی پەیوەست بە بازاڕی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان.
وانگ یی رایگەیاند، لەسەر بانگهێشتی فەرمیی دۆناڵد ترەمپ، بڕیارە لە پاییزی ئەمساڵدا شی جینپینگ سەردانێکی فەرمیی ئەمریکا بکات. هەردوولا داوایان لە تیمەکانیان کردووە کە ئامادەکاری تەواو بۆ ئەو سەردانە بکەن بۆ ئەوەی ئەنجامی گەورەتری لێ بکەوێتەوە.
وەزیری دەرەوەی چین ئاماژەی بەوەدا، هەردوو سەرۆک نزیکەی ٩ کاتژمێریان پێکەوە بەسەر بردووە لە کەشێکی پڕ لە ڕێزدا. رێککەوتن کراوە بۆ پەرەپێدانی هاوکارییەکان لە بوارەکانی: دیپلۆماسی، کاروباری سەربازی، تەندروستی، گەشتوگوزار، ئاڵوگۆڕی کولتووری و جێبەجێکردنی یاسا. ئەم هەنگاوانە وزەیەکی نوێ دەبەخشنە پەیوەندییەکانی داهاتووی نێوان هەردوو زلهێزە جیهانییەکە.
وانگ یی، ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی هیوادارە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا "هەنگاوی کردەیی" بنێت بۆ پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری لە گەرووی تایواندا.
جەختی کردەوە کە پرسی تایوان "کاروبارێکی ناوخۆیی چینە" و هەستیارترین و گرنگترین بابەتە لە پەیوەندییەکانی نێوان چین و ئەمریکادا. گوتیشی: "چین هیوادارە لایەنی ئەمریکی پابەندی پرەنسیپی (چینی یەکگرتوو) و سێ بەیاننامە هاوبەشەکەی نێوان هەردوو وڵات بێت و ئەرکە نێودەوڵەتییەکانی جێبەجێ بکات."
وەزیری دەرەوەی چین ئاماژەی بەوە کرد لە کۆبوونەوەکەدا هەستیان کردووە لایەنی ئەمریکی لە پێگەی چین تێدەگات و بایەخ بە نیگەرانییەکانی پەکین دەدات. وانگ یی گوتیشی: "هەستمان کرد ئەمریکاش، هاوشێوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، لایەنگری سەربەخۆیی تایوان نییە و قبووڵی ناکات تایوان بەرەو ئەو ئاراستەیە بڕوات."
وانگ یی ئاماژەی بەوە کرد کە پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری لە گەرووی تایوان گەورەترین خاڵی هاوبەشی نێوان چین و ئەمریکایە و پێویستە واشنتن بە هەنگاوی کۆنکرێتی پارێزگاری لە پەرەپێدانی جێگیری پەیوەندییەکانی نێوانیان بکات.
چوارشەممە 13ـی ئایاری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە گەشتێکی فەرمی گەیشتە چین و دوای دوو رۆژ مانەوەی لە بەژینگ گەڕایەوە واشنتن؛
سەرۆکی ئەمریکا لەکاتی گەڕانەوەی بۆ واشنتن لە نێو فرۆکەکەی بە رۆژنامەنووسانی رایگەیاند، چیتر ئامادە نییە چاوەڕێی ئێران بکات و جەختی کردەوە کە لەگەڵ شی جینپینگ، سەرۆکی چین گەیشتوونەتە ڕێککەوتنی تەواو کە نابێت ڕێگە بدرێت کۆماری ئیسلامی ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و پێویستە دەستبەجێ گەرووی هورمز بەڕووی کەشتیوانی جیهانیدا بکرێتەوە.
ترەمپ ڕایگەیاند کە سەرۆکی چین بە توندی پشتگیری لەوە دەکات کە نابێت ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و گوتی: "شی جینپینگ هەستێکی بەهێزی هەیە بەرانبەر بەوەی کە نابێت ئێران چەکی ئەتۆمی هەبێت و دەیەوێت گەرووی هورمزیش بە ڕووی هەناردەی نەوت و غازدا بکرێتەوە."
سەبارەت بە لایەنی ئابووری، ترەمپ ئاشکرای کرد، ئێستا لێکۆڵینەوە دەکەن بۆ هەڵگرتنی سزاکان لەسەر ئەو کۆمپانیا چینییانەی کە نەوتی ئێرانیان کڕیوە و بڕیارە بەم زووانە بڕیاری کۆتایی لەو بارەیەوە بدات.
لە بەشێکی تری قسەکانیدا، ترەمپ باسی لە کێشەی تایوان کرد و ڕایگەیاند کە لە پەکین بە درێژی لەگەڵ شی جینپینگ لەو بارەیەوە دواوە. ترەمپ گوتی: "پێموانییە شەڕ لەسەر تایوان ڕووبدات، چونکە سەرۆک شی نایەوێت جەنگ ببینێت و نایەوێت تایوان بەرەو سەربەخۆیی هەنگاو بنێت."
ترەمپ جەختی کردەوە کە تەنیا گوێی لە سەرۆکی چین گرتووە و هیچ بەڵێنێکی فەرمی لەو بارەیەوە نەداوە، هەروەها هێشتا بڕیاری نەداوە کە ئایا پاکێجێکی گەورەی چەک بە تایوان دەفرۆشێت یان نا.