نهێنییە شاراوەکانی ژێر دووسایدی هەولێر – کۆیە دەردەکەون

پڕۆژەی رێگەی دووسایدی هەولێر – کۆیە دەبێتە هۆی دۆزینەوەی 18 پێگەی شوێنەواری و مێژووی هەندێکیان بۆ 8 هەزار ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە، بەڕێوەبەری شوێنەواری ناوچەکەش دەڵێ، بەهۆی نەبوونی مۆزەخانە، پارچە دۆزراوەکان لە ژوورێکدا کۆکراونەتەوە.

پڕۆژەی دووسایدی هەولێر – کۆیە، تەنیا ئەو دوو شارەی لە یەک نزیک نەکردووەتەوە، بەڵکو بووەتە رێگەیەک بۆ ئەوەی پەردە لەسەر مێژووی چەند هەزار ساڵەی هەندێ ناوچەش لابدات.

پێش دەستپێکردنی قۆناخی دووەمی دووسایدی هەولێر – کۆیە، شوێنەوارناسان بۆ ماوەی 11 رۆژ، تەواوی ئەو رێگەیەیان بە پێ بڕیوە، بۆ ئەوەی ناوچە شوێنەوارییەکان دەستنیشان بکەن و بیانپارێزن.

یەکێتی واحید، بەڕێوەبەری شوێنەواری کۆیە بە کوردستان24ـی راگەیاند، بە درێژایی ئەو رێگەیە، 18 پێگەی شوێنەوارییان تۆمار کردووە. لە کۆی ئەو پێگانە، دوو پێگە گەورە بوون و لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا دەرکەوتووە کە مێژووەکەیان بۆ "پێش ئیسلام" دەگەڕێتەوە. کنە و پشکنینەکان لەلایەن شوێنەوارناسانی ناوخۆیی و بە هاوکاری شارەزایانی زانکۆی ئۆلۆمۆکی وڵاتی چیک، ئەنجام دەدرێن.

مێژووی هەزاران ساڵە لە ژوورێکدا

بەڕێوەبەری شوێنەواری کۆیە دەڵێ، تاوەکو ئێستا "سەرووی 400 پێگە و ناوچەی شوێنەواری" لە سنووری شارۆچکەی کۆیە تۆمار کراون. بۆ کنە و پشکنین لەو ناوچەیە، گرێبەستی پێنج ساڵانە لەگەڵ زانکۆکانی بەرلین و ماینزی ئەڵمانیا و زانکۆی ئۆلۆمۆکی وڵاتی چیک کراوە.

یەکێتی واحید ئاماژەی بەوەش کرد، گرێبەستەکە بە شێوەیەک لەگەڵ ئەو زانکۆیانە کراوە کە دوای تەواوبوونی، جارێکی دیکە بۆ ماوەی پێنج ساڵ نوێ دەکرێنەوە.

لە ئەنجامی کاری ئەو تیمانەدا، چەندین ناوچە و کەلوپەلی شوێنەواری دۆزراونەتەوە. بەڕێوەبەری شوێنەواری کۆیە دەڵێ: مێژووی بەشێک لەو پێگە و کەلوپەلانە، بۆ سەرەتای سەردەمی چاخی بەردینی کۆن دەگەڕێتەوە، هەروەها چەند تابلێت و مۆری کارگێڕی دۆزراونەتەوە کە مێژووەکەیان بۆ 8000 ساڵ پێش زایین دەگەڕێتەوە.

بەشێک لەو تابلێتانە بە زمانی بزماری لەسەریان نووسراوە و چەند دانەیەکیان لەلایەن تیمی کۆنسوڵخانەی ئەڵمانیاوە خاوێن کراونەتەوە، بەڵام بە گوتەی یەکێتی واحید: "بەهۆی نەبوونی بودجەوە، تاوەکو ئێستا نەیانتوانیوە وەرگێڕان بۆ دەقی تابلێتەکان بکەین و بخوێندرێنەوە".

سەرەڕای ئەوەی ناوچەی کۆیە لە رووی مێژوو و شوێنەوارییەوە دەوڵەمەندە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ مۆزەخانەیەکی لێ نییە، هەر بۆیە سەدان کەلوپەلی شوێنەواری لە ژوورێکدا پارێزراون.