تەقینەوەیەکی بەهێز ڕۆژئاوای ئێرانی هەژاند
دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز لە نزیک بنکەی مووشەکی ئیمام خومەینی، شاری خوڕەم ئابادی ناوەندی پارێزگای لوڕستانی بیسترا و ترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆری لای خەڵکی ناوچەکە دروستکردووە، بەڵام سوپای پاسداران ڕایگەیاندووە، تەقینەوەکە جێی مەترسی نییە.
بڵاوبوونەوەی هەواڵی بیستنی دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز دەنگدانەوەیەکی زۆری لە میدیاکانی ئێران دروستکردووە، بەڵام بەشی پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای حەزرەتی ئەبولفەزڵ لە پارێزگای لوڕستان، سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران بڵاوی کردووەتەوە، تەقینەوەکە جێی ترس و نیگەرانیی نیە، تەنیا تەقاندنەوەی بۆمبێکی کاتی جەنگی 12 ڕۆژە بووە لە نێو سەربازگەی بابا عەباس.
سوپای ئەبولفەزڵ، هیچ ئاماژەیەکی بە جۆری بۆمبەکە نەداوە، تەنیا ڕایگەیاندووە، بە گوێرە پلانێکی ئامادەکراو بۆ نەهێشتن و پاککردنەوەی ئەو شوێنانەی لە کاتی جەنگی ئێران – ئیسرائیل بۆمباران کرابوو، بۆمبێکی نەتەقیوەیان لەنێو بردووە، بەڵام هیچ زیانێکی بۆ خەڵکی ناوچەکەکە و دەوروبەری نەبووە.
بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 13ـی حوزەیرانی ئەمساڵ، هێزی ئاسمانی سوپای ئیسرائیل هێرشێکی فراوانی کردە سەر ئێران و ژمارەیەک پێگەی سەربازی و وێستگەی ئەتۆمی بۆمباران کرد.
لە هێرشەکاندا ئیسرائیل، ناوەندی شارەکانی تاران، ئیسفەهان، کەرەج و تەروێز و کرماشانی بۆمباران کرد، کە جیا لە ناوەندە سەربازییەکان و کارگەکانی پیشەسازی سەربازی، ماڵی چەندا بەرپرسی باڵای سوپای پاسدارانیشی کردە ئامانج.
