لە دهۆک فێستیڤاڵی سەری ساڵ کرایەوە و 300 هەلی کاری بۆ گەنجان ڕەخساندووە
لە شاری دهۆک فێستیڤاڵی تایبەت بە سەری ساڵی نوێ کرایەوە کە تێیدا نزیکەی 120 کۆمپانیای ناوخۆیی و بیانی بەشدارن. لەم فێستیڤاڵەدا زیاتر لە 100 خێوەت بۆ نمایشکردنی کاڵاکان تەرخان کراون و توانراوە 300 هەلی کار بۆ گەنجان و دانیشتووانی ناوچەکە دابین بکرێت. فێستیڤاڵەکە تاوەکو سەری ساڵی نوێ بەردەوام دەبێت و تێیدا داشکاندنی گەورە بۆ کەلوپەل و پێداویستییەکان کراوە.
لەناو فێستیڤاڵەکەدا، بەفرین محەممەد (دایکی تەڤرین) بە خواردنە کوردەوارییەکان بەشدارە و توانیویەتی هەلی کار بۆ چوار ئافرەتی دیکە لەلای خۆی بڕەخسێنێت. بەفرین بە کوردستان24ی ڕاگەیاند؛ ئەم فێستیڤاڵە دەرگایەکی بازرگانیی نوێیە بە ڕوویاندا کراوەتەوە. هەروەها ئەسوان هاشم، یەکێکی دیکە لە بەشداربووان، جەخت لە گرنگیی بەردەوامیی ئەم جۆرە چالاکییانە دەکاتەوە و دەڵێت: "ئەمە دەرگایەکە بۆ کارکردنی خەڵک، چونکە زۆر کەس لێرە کار دەدۆزنەوە یان بەرهەمەکانیان وەک خواردن، گوڵ و کارە دەستییەکان نمایش دەکەن."
ڕۆژان عەبدولباقی، کە بە شێوازی ئۆنلاین کار دەکات، ئاماژە بەوە دەدات؛ بەشداریکردنی لە فێستیڤاڵەکە وای کردووە کڕیارەکانی لە نزیکەوە بەرهەمە سروشتییەکانی ببینن و دڵخۆش بن، ئەمەش کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر فرۆشی هەبووە.
محەممەد سەلمان، وتەبێژی فێستیڤاڵەکە، ئامانجی چالاکییەکەی ڕوونکردەوە و گوتی: "زیاتر لە 300گەنج لە کوڕ و کچ لێرە کار دەکەن. ئامانجمان ئەوە بووە لەم سەری ساڵەدا فێستیڤاڵێک ڕێکبخەین کە داشکاندنی باشی تێدا بێت، تاوەکو هاوکاریی خەڵک بکەین لەبەر بارودۆخی ژیانیان، بۆیە هەموو بەشداربووان بە نرخێکی کەمتر لە بازاڕ کاڵاکانیان دەفرۆشن."
ئەم فێستیڤاڵە کە بەرهەمی خۆماڵی، خواردنە کوردەوارییەکان، کارە دەستییەکان و چەندین بابەتی دیکە لەخۆدەگرێت، هەنگاوێکی گرنگە بۆ بازاڕکردنی بەرهەمە ناوخۆییەکان و لە هەمان کاتدا بووەتە مایەی دڵخۆشیی ئەو گەنجانەی دەرفەتی کاریان بۆ ڕەخساوە.
