شارەوانی هەولێر: سبەی تیروپشک بۆ دابەشکردنی زەوی بەڕێوەدەچێت
سەرۆکی شارەوانی هەولێر ئاماژە بەوە دەکات، تاوەکو ئێستا شەش قۆناغی دابەشکردنی زەوی بەڕێوەچوونە، کە 32 هەزار فەرمانبەر لێی سوودمەندبوونە.
کارزان هادی، سەرۆکی شارەوانی هەولێر، ئەمڕۆ سێشەممە، 3ـی ئاداری 2026، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: سبەی چوارشەممە شەش هەزار پارچە زەوی لە سنووری شارەوانییەکەیان بە تیروپشک دابەشدەکرێت.
سەرۆکی شارەوانی هەولێر گوتیشی، ئەمە قۆناغی شەشەمی دابەشکردنی زەوییە، تاوەکو ئێستا 32 هەزار پارچە زەوی دابەشکراوە، کە هەموو پارچە زەوییەکان لە شوێنی زۆرباشن.
هەروەها ئاماژەی بەوە دا، تاوەکو ئێستا 50 هەزار پارچە زەوی ماون دابەش بکرێت.
لە 27ـی ئاداری 2024، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بڕیار درا بە دابەشکردنی زەوی بەسەر هەموو ئەو فەرمانبەرانەی سوودمەند نەبوونە لە وەرگرتنی زەوی.
بڕیارەکە لە 28ـی ئایاری 2024، لە رۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاو کرایەوە.