توێژینەوەیەک: بەخێوکردنی سەگ کاریگەریی ئەرێنی لەسەر لایەنی دەروونی و هاوسۆزیی مرۆڤ هەیە

ئەنجامی توێژینەوەیەکی نوێی زانستی دەریخستووە، ئەو کاریگەرییە ئەرێنییانەی سەگ لەسەر تەندروستیی دەروونی مرۆڤ دروستی دەکات، بەشێکی بۆ "ئاڵوگۆڕی زیندەوەرە وردەکان" لە نێوان مرۆڤ و ئەو ئاژەڵەدا دەگەڕێتەوە.

توێژینەوەکە کە لە گۆڤاری زانستی "iScience" بڵاوکراوەتەوە، ئاماژەی بەوە کردووە، بەخێوکردنی سەگ دەبێتە هۆی زیادبوونی وردە زیندەوەرێک(Microorganism)  لەسەر جەستە و لەنێو جەستەی مرۆڤەکاندا، کە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە تەندروستیی دەروونییەوە هەیە.

تیمی توێژەران لە ئەنجامی چەندین تاقیکردنەوەدا گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی، ئەو کەسانەی لە منداڵییەوە لەگەڵ بەخێوکردنی سەگدا گەورە دەبن، لە داهاتوودا ئاستی هاوسۆزی و پشتیوانییە کۆمەڵایەتییەکانیان بەرزترە بەراورد بەو کەسانەی لەگەڵ ئاژەڵدا نەژیاون.

توێژینەوەکە بەراوردی لەنێوان کۆمەڵە هەرزەکارێکی تەمەن 13 ساڵانی کردووە، کە لە ماڵەکانیاندا سەگیان هەبووە، لەگەڵ کۆمەڵێکی دیکە کە ئاژەڵیان نەبووە، دەرکەوتووە پێکهاتەی "مایکرۆبایۆم" یان کۆمەڵە زیندەوەرە وردەکانی ناو ڕیخۆڵەی ئەو کەسانەی سەگیان هەیە، جیاواز و دەوڵەمەندترە، ئەمەش بەهۆی بەرکەوتەی بەردەوام لەگەڵ ئاژەڵەکەدا.

لە تاقیکردنەوەکەدا، کاتێک توێژەران "مایکرۆبایۆم"ی ئەو هەرزەکارانەیان بۆ ناو جەستەی چەند مشکێک گواستووەتەوە، تێبینی ئەوەیان کردووە ئەو مشکانە هەڵسوکەوتی کۆمەڵایەتیی ئەرێنییان تێدا دەرکەوتووە و زیاتر حەزیان بە نزیکبوونەوە لە مشکەکانی دیکە کردووە.

تاکیفۆمی کیکوسۆی، سەرۆکی تیمی توێژینەوەکە لە زانکۆی "ئازابو"ی ژاپۆنی ڕایگەیاند: "جێگەی سەرنجە ئەو بەکتریایانەی هانی هەڵسوکەوتی کۆمەڵایەتیی ئەرێنی و هاوسۆزی دەدەن، لە مایکرۆبایۆمی ئەو منداڵانەدا دۆزراونەتەوە کە سەگیان هەبووە."

بە گوێرەی ئەنجامەکانی ئەم توێژینەوەیە، هەبوونی سەگ لە ماڵدا تەنیا بۆ کات بەسەربردن نییە، بەڵکو دەبێتە هۆی گۆڕانکاری لە سیستەمی بایۆلۆژیی مرۆڤدا بە شێوەیەک کە پشتگیری لە تەندروستیی دەروونی و باشترکردنی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان دەکات.

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل