تیروپشک بۆ دابەشکردنی 1400 پارچەزەوی کرا؛ پارێزگاری دهۆکیش وردەکاریی پرۆسەکەی ڕاگەیاند

ئەمڕۆ دووشەممە، 22ـی کانوونی یەکەمی 2025، لە دیوانی پارێزگای دهۆک، تیروپشک بۆ دابەشکردنی 1400 پارچەزەوی ئەنجام درا. 

 د. عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەو پارچەزەوییانە، بەسەر ئەو هاووڵاتیانەدا دابەش دەکرێن کە ڕەزامەندی پێشوەختەیان هەیە و دەکەونە سنووری شارەوانییەکانی هەردوو قەزای دهۆک و سێمێل. جەختیشی لەوە کردەوە "پرۆسەی دابەشکردنەکە بەشێوەیەکی دادپەروەرانە و بەپێی ڕێزبەندی ڕەزامەندییەکان بەڕێوەدەچێت."

پارێزگاری دهۆک پرۆسەکەی بەم شێوەیە ڕوونکردەوە "دابەشکردنەکە بەپێی ئەو ڕێزبەندییەیە کە پێشتر ڕەزامەندی لەسەر دراوە. هەر کەسێک ڕەزامەندییەکەی زووتر دەرچووبێت، بەپێی ساڵ و ڕۆژ پێش دەخرێت. هیچ کەسێک ناچێتە پێش کەسێکی دیکە. بۆ نموونە کەسێک لە ساڵی 2011 ڕەزامەندی بۆ دەرچووبێت، دەخرێتە پێش کەسێک کە ساڵی 2015 ڕەزامەندی بۆ دەرچووە."

هەروەها، پارێزگاری دهۆک ئاماژەی بەوە دا، هەزاران پارچەزەوی دیکە لە قەزاکانی شێخان و ئاکرێ ئامادەن بۆ دابەشکردن و کارکردن لە قەزاکانی دیکەش بەردەوامە. گوتیشی: "هەرکاتێک ئەو پارچەزەوییانە لە ڕووی یاسایی و ئیدارییەوە ئامادە بوون بۆ تاپۆکردن، ڕاستەوخۆ دابەش دەکرێن."

لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە 4018 پارچە زەوی دابەش کراون. د. عەلی تەتەر ڕوونیکردەوە، دواکەوتنی پرۆسەکە لە ڕابردوودا بەهۆی تەواونەبوونی ڕێکارە یاسایی و ئیدارییەکانەوە بووە و جەختی لەوە کردەوە، ئەوان نایانەوێت تەنها پارچە زەوییەک وەک کاغەز بدەنە دەستی هاووڵاتییان، بەڵکوو دەبێت هەموو ڕێکارەکان تەواو ببن تا هاووڵاتی بتوانێت ڕاستەوخۆ دوای وەرگرتنی زەوییەکە، مامەڵەی تاپۆکردن ئەنجام بدات.

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل