جەنەراڵێکی دەستەی ئەرکانی سوپای ڕووسیا لەناو ئۆتۆمبێلەکەیدا کوژرا

ئەمڕۆ دووشەممە، 22ـی کانوونی یەکەمی 2025، لیژنەی لێکۆڵینەوەی ڕووسیا ڕایگەیاند، جەنەڕاڵێکی دەستەی ئەرکانی گشتیی سوپای ڕووسیا لە باشووری مۆسکۆ بەهۆی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلەکەیەوە کوژراوە و لێکۆڵینەوە لە ئەگەری تێوەگلانی ئۆکرانیا لە ڕووداوەکە دەکرێت.

لیژنەی لێکۆڵینەوەی ڕووسیا لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کردووە، جەنەڕاڵ (فانیل سارفارۆڤ)، سەرۆکی بەشی مەشقی ئۆپەراسیۆنەکان لە دەستەی ئەرکان، بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێکی چێنراو کە بەژێر ئۆتۆمبێلەکەیدا لکێنراوە برینداربووە، دواتر بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەست دا، ڕووداوەکەش لە شەقامی یاسینیڤیا لە باشووری مۆسکۆ بووە.

دەسەڵاتدارانی ڕووسیا پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ "تاوانی کوشتن" و "گواستنەوەی تەقەمەنی" کردووەتەوە و ئاماژەیان بەوە داوە کە یەکێک لەو گریمانانەی کاری لەسەر دەکرێت، تێوەگلانی "دەزگای هەواڵگریی ئۆکرانیا"یە لە ڕووداوەکەدا.

لە دەستپێکی هێرشەکانی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، چەندین جار کیێڤ تۆمەتبار کراوە بە ئەنجامدانی هێرشکردنە سەر  کەسایەتی و بەرپرسە سەربازییەکانی ڕووسیا، چ لە ناوخۆی ڕووسیا و چ لەو ناوچانەی لەلایەن مۆسکۆوە داگیرکراون.

پێشتریش چەندین ڕووداوی هاوشێوە ڕوویانداوە؛ لە ئابی 2022، داریا دوگینا، کچی بیرمەندی توندڕەوی نەتەوەیی و نزیک لە کرێملن 'ئەلێکساندەر دوگین' بە تەقینەوەی ئۆتۆمبێل کوژرا، هەروەها لە نیسانی 2023، مەکسیم فۆمین، بلۆگەری سەربازیی ڕووسی بەهۆی تەقینەوەی پەیکەرێکی بچووک لە قاوەخانەیەکی شاری سانت پترسبۆرگ کوژرا.

هەروەها لە نیسانی ڕابردوودا، جەنەڕاڵ یارۆسلاڤ مۆسکالیک، جێگری سەرۆکی ئیدارەی گشتیی ئۆپەراسیۆنەکان لە دەستەی ئەرکانی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ڕووسیا، بە تەقینەوەی ئۆتۆمبێل لە نزیک مۆسکۆ کوژرا.

لە دوایین زنجیرەی ئەم هێرشانەشدا، لە کانوونی یەکەمی 2024، ئیگۆر کیریلۆڤ، فەرماندەی هێزەکانی بەرگریی تیشکی و کیمیایی و بایۆلۆجیی ڕووسیا، بەهۆی تەقینەوەی ماتۆڕسکیلێکی کارەبایی کە لە نزیک شوێنی مانەوەی لە مۆسکۆ ڕاگیرابوو، کوژرا. دەزگای ئاسایشی ئۆکرانیا بەرپرسیارێتیی ئەو تیرۆرکردنەی لە ئەستۆ گرت.

 

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل