بەم نزیکانە زەوی بەسەر چوار هەزار فەرمانبەردا دابەش دەکرێت

بەڕێوەبەرایەتیی نەخشەدانان و ئاوەدانیی هەولێر تەواوکردنی نەخشەی قۆناغی پێنجەمی دابەشکردنی زەویی ڕاگەیاند، کە نزیکەی چوار هەزار فەرمانبەر لێی سوودمەند دەبن و بڕیارە پێش کۆتایی ئەمساڵ تیروپشکیان بۆ بکرێت.

شوکریە عەباس، بەڕێوەبەری نەخشەدانان و ئاوەدانیی هەولێر، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، زەوییەکانی قۆناغی پێنجەم دەکەونە تەنیشت زۆنەکانی "جەژنیکان و ئاشۆکان" ئەو ناوچانەی پێشتر زەوییان لێ دابەشکراوە، ئەم قۆناغە دابەش دەبێت بەسەر دوو بەشی سەرەکیدا، شاکار،  کە تەواوکەری قۆناغەکانی پێشووە،  خانەدان،  بەشێکی نوێیە لە خوارووی ناوچەکە، کە شەقامێکی 30 مەتری و پشتێنەی سەوزایی لە بەشەکەی تری جیا دەکاتەوە و لەو یەک دووڕۆژەدا دابەشدەکرێت.

بە گوتەی بەڕێوەبەری نەخشەدانانی هەولێر، زەوییەکان بە ڕووبەری 200 مەتر دووجا دیزاین کراون و هەمان ستاندارد و کوالێتیی قۆناغەکانی پێشوویان هەیە، لە دیزاینەکەدا هەموو خزمەتگوزارییە گشتییەکان ڕەچاو کراون، لەوانە، قوتابخانە و بنکەی تەندروستی و هێڵی ترام، ڕێڕەوی پاسکیل و پیادەڕە و تێرمیناڵ و ڕێژەی سەوزایی پێویست.

شوکریە عەباس ئاماژەی بەوەشکرد، ئەم چوار هەزار پارچە زەوییە بەسەر فەرمانبەرانی سەرجەم وەزارەتەکان (مەدەنی و هێزە ئەمنییەکان و پێشمەرگە) دابەش دەکرێت، هەر وەزارەتێک بەپێی ژمارەی فەرمانبەرانی پشکی بۆ دیاری کراوە.

سەبارەت بە دواکەوتنی تاپۆ، شوکریە عەباس ڕوونی کردەوە، پرۆسەکە تەکنیکی و یاساییە و کاتی دەوێت، قۆناغەکان بریتین لە کوژاندنەوەی مافی کشتوکاڵی، جاڕدان، گۆڕینی ڕەگەزی زەوی، یەکبوون و جیاکردنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا دڵنیایی دا کە ژمارەی زەوی بۆ فەرمانبەران جێگیر دەکرێت و پارێزراوە تا کاتی تەواوکردنی ڕێکارەکان.

گوتیشی: لە هەولێر تا ئێستا نەخشە بۆ نزیکەی 50 بۆ 60 هەزار پارچە زەوی کێشراوە، کە ئەمەش بەرزترین ڕێژەیە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، هاوکات کارکردن لەسەر قۆناغەکانی شەشەم و حەوتەم بەردەوامە، کە بە هەماهەنگی لەگەڵ ئاژانسی "جایکا"ی ژاپۆنی و لەسەر بنەمای ماستەرپلانی هەولێر جێبەجێ دەکرێن.

بڕیارە لە ڕۆژانی داهاتوودا نەخشە پەسەندکراوەکان ڕەوانەی سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر بکرێن بۆ ئەوەی پێش سەری ساڵ تیروپشک بۆ ناوەکان بکرێت.

 

 
 
 

 

Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل