ترەمپ: هەرگیز ئەنجامی هەڵبژاردنەکە قبووڵ ناکەین
سەرۆکی ئەمەریکا سوورە لەسەر بڕیارەکەی
K24- هەولێر:
لە یەکەم چاوپێکەوتنی تەلەڤزیۆنی لە دوای هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا رایگەیاند، هەرگیز ئەنجامی هەڵبژاردنەکان قبووڵ ناکات.
لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز، ترەمپ گووتی، من هەموو تواناکانم بەکاردەهێنم تاکو بیسەلمێنم کە شکستم نەهێناوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، دەبێت دادوەران بڕیار لەسەر دۆسییەکان بدەن. دەبێت دادگای باڵا بڕیارە گەورەکە بدات لەسەر بنەمای هەموو شتێک.
راشیگەیاند، ئێوە ناتوانن بۆچوونی من بگۆڕن، لە ماوەی شەش مانگی داهاتووش بۆچوونم ناگۆڕم، چونکە ساختەکارییەکی زۆر گەورە کراوە.
ترەمپ هێرشی کردە سەر میدیاکان و گووتی، ئەوان دوژمنی خەڵکن.
ئەمەش لە کاتێکدایە، ترەمپ چەند دۆسییەیەکی لە بارەی هەڵبژاردنەکان لە دادگای ویلایەتەکان دۆڕاندووە.