جەندرمەی تورکیا هۆشداری لە ئەگەری هێرشی داعش دەدات
فەرماندەیی جەندرمەی تورکیا پارێزگای ئەنقەرە هۆشداری دەداتە هێزە ئەمنییەکان لەوەی ڕێکخراوی داعش، پێش هاتنی جەژنی سەری ساڵ و شەوی سەری ساڵ، بەنیازی ئەنجامدانی زنجیرەیەک هێرشە بۆ سەر شارە گەورەکانی تورکیا، بە تایبەتی لە ئەنقەرە و ئیستەنبوڵ.
ئەمڕۆ دووشەممە 22ـی کانوونی یەکەمی 2025، ڕۆژنامەی (جمهورییەت) لە ماڵپەڕەکەیدا، بڵاوی کردووەتەوە، فەرماندەیی جەندرمە لە ئەنقەرە لە 19ـی ئەم مانگەوە، نووسراوێکی هۆشداریی ئاراستەی سەرجەم یەکەکان کردووە و تێیدا ئاماژەی داوە، زانیاریی هەواڵگرییان پێگەیشتووە کە داعش ئامادەکاری بۆ ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر شوێنە قەرەباڵغەکانی شارە گەورەکان دەکات.
لە نووسراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، ئەم هەوڵانەی داعش و گرووپە توندڕەوەکان دوای ئەوە دێت کە توانای هێرشکردنیان بەهۆی ئۆپەراسیۆنە بەردەوامەکانی ناوخۆ و دەرەوەی تورکیا، کەم بووەتەوە، بۆیە ئێستا بۆ سەلماندنی بوونی خۆیان، بەدوای دەرفەت دەگەڕێن، بۆ ئەوەی هێرشی تیرۆریستی بکەن.
هەروەها دەزگا هەواڵگرییەکانی تورکیا پێیان وایە، داعش دەسەڵاتی داوەتە "شانە نووستووەکان" بۆ ئەوەی بە ڕاستەوخۆ هێرش بکەن.
بە گوێرەی زانیارییەکانی جەندرمە، ئەو شوێنانەی ئەگەری بەئامانجگرتنیان هەیە بریتین لە: سەنتەرە بازرگانییەکان (مۆڵەکان)، بازاڕە گشتییەکان و ئەو شوێنانەی هاتوچۆی هاووڵاتییانی لەسەرە. سەبارەت بە شێوازی هێرشەکانیش، هۆشداری دراوە لە ئەگەری بەکارهێنانی: ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو، هێرشی چەکداری، کردەوەی خۆکوژی، بەکارهێنانی درۆن و شێلانی خەڵک بە ئۆتۆمبێل هەیە.
لە کۆتایی هۆشدارییەکەدا، داوا لە هێزە ئەمنییەکان کراوە ڕێکاری توندوتۆڵ لە ناو شار و دەروازەکان بگرنەبەر و هەموو زانیارییە هەواڵگرییەکان سات بە سات لەگەڵ دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی (میت) و بەڕێوەبەرایەتییەکانی پۆلیس ئاڵوگۆڕ بکەن.
