ڕێککەوتنی نێوان عێراق و تورکیا سەبارەت بە دۆسیەی ئاو، ڕووبەڕووی ڕەخنە بووەتەوە

ڕێککەوتنە ستراتیژییەکەی نێوان عێراق و تورکیا سەبارەت بە دۆسیەی ئاو، ڕووبەڕووی شەپۆلێکی فراوان لە ڕەخنە بووەتەوە. شارەزایان و چاودێران ڕێککەوتنەکە بە تێچوو بەرز و ناڕوون وەسف دەکەن و ئاماژە بەوە دەدەن, حکومەتەکەی محەممەد شیاع سوودانی وردەکارییە تەواوەکانی ئاشکرا نەکردووە، لە کاتێکدا تورکیا تا ئێستا پابەند نییە بە دیاریکردنی پشکی ئاوی عێراق.

بەپێی زانیارییەکان، سروشتی ڕێککەوتنەکە زیاتر لێکتێگەیشتن و هاوکارییە نەک دەقێکی یاسایی پابەندکەر. میدیاکانی تورکیا ئاشکرایان کردووە کە ئەنقەرە هیچ مەرجێکی قبووڵ نەکردووە بۆ دیاریکردنی بڕی ئەو ئاوەی دەبێت تێپەڕێت بۆ عێراق، بەڵکوو لە بەرانبەردا کۆمەڵێک پرۆژە لە عێراق جێبەجێ دەکات کە پارەکەیان پێشوەختە لە داهاتی نەوتی عێراق وەردەگرێت، بێ ئەوەی گەرەنتی ئاو بدات.

ڕەمەزان حەمزە، پسپۆڕ لە کاروباری ئاو هۆشداری دەدات و دەڵێت تاکە ڕێگە بۆ پاراستنی ئاسایشی ئاو، گۆڕینی یاداشتنامەکانە بۆ ڕێککەوتنی نێودەوڵەتی پابەندکەر کە پەرلەمان پەسەندی بکات.جەختیش دەکاتەوە، دەبێت ڕێککەوتنەکە ژمارەی ڕوونی تێدابێت مەتر سێجا لە چرکەیەکدا لەسەر سنوورەکان؛ هاوکات ڕێگری بکرێت لەوەی کۆمپانیا تورکییەکان جێبەجێکردنی پرۆژەکان قۆرخ بکەن؛ چونکە سەروەریی ئاو واتە عێراق خۆی بڕیار لەسەر بەڕێوەبردنی بەنداو و پرۆژەکانی بدات.

باسی لەوەش کرد، پێویستە سیستەمی ناوخۆیی چاک بکرێت و دەسەڵاتی ئیداری بدرێت بە پارێزگاکان، بەتایبەت پارێزگاکانی باشوور وەک بەسرە و زیقار کە سروشتی ئاوەکەیان جیاوازە.

لەلایەکی دیکەوە، ڕوانگەی عێراقی سەوز ئاشکرای کرد، سەرەڕای ڕێککەوتنەکە، تورکیا جارێکی دیکە ڕەتی کردووەتەوە بڕە ئاوی پێویست بۆ هەر دوو ڕووباری دیجلە و فورات بەر بداتەوە.

ڕوانگەکە دەڵێت تورکیا بە بیانووی ناڕوونی ڕێککەوتنەکە و جێبەجێ نەکردنی لەلایەن عێراقەوە ئاوەکەی گرتووەتەوە. ئەمەش مەترسی کارەساتێکی مرۆیی لێ دەکرێت بەتایبەت بۆ ئاوی خواردنەوە لە ڕۆژانی داهاتوودا.

بە بڕوای چاودێران، ئامانجی تورکیا لەم فشارانە ئەوەیە عێراق ناچار بکات سازشی زیاتری ئەمنی، ئابووری و سیاسی بۆ بکات، بۆیە داوا لە حکوومەتی عێراق دەکرێت کە هەڵوێستی بەهێزتری هەبێت و ڕێککەوتنەکە ببەسترێتەوە بە ئاسایشی نەتەوەیەوە.

دووشەممە 3ی تشرینی دووەمی 2025، مارک ساڤایا، نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا لە عێراق ڕێککەوتنی ئاوی لە نێوان تورکیا و عێراقی ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەش کردبوو، ئەم ڕێککەوتنە بۆ بژێوی ژیانی ملیۆنان کەس زۆر گرنگە کە بەهۆی وشکەساڵی و کەمئاوییەوە دەیانناڵاند.

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل