هەسەدە دیمەشق بە بەرپرسیاری هێرشەکەی حەلەب دەزانێت
ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) حکوومەتی سووریا بە بەرپرسیاری هێرشێکی چەکداری بۆ سەر ناوەندی شاری حەلەب دەزانێت، کە تێیدا دوو ئەندامی هێزە ئەمنییەکان بریندار بوون، هاوکات پێکدادانی توند لەنێوان سوپای سووریا و هەسەدە چەند گەڕەکێکی ستراتیژیی شارەکەی گرتووەتەوە و مەترسی بۆ سەر ژیانی هەزاران مەدەنی دروست کردووە.
فەرهاد شامی، بەرپرسی ناوەندی ڕاگەیاندنی هەسەدە ڕایگەیاند: گرووپە چەکدارەکانی سەر بە وەزارەتی بەرگریی حکوومەتی دیمەشق هێرشیان کردووەتە سەر بازگەیەکی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە بازنەی شیحان لە ناو شاری حەلەب.
بە گوتەی شامی، ئەو هێرشە بووەتە هۆی برینداربوونی دوو ئەندامی هێزەکانی ئاسایش، بەرپرسی ڕاگەیاندنی هەسەدە حکوومەتی دیمەشقی بە بەرپرسیاری تەواوی ئەو هێرشانە ناوبرد و ئاماژەی بەوە کرد، ئەمە دەریدەخات دیمەشق توانای کۆنترۆڵکردنی گروپە چەکدارەکانی خۆی نەماوە.
لەلایەکی دیکەوە، پێکدادانی پچڕپچڕ لەنێوان سوپای سووریا و هێزەکانی هەسەدە لە دەوروبەری گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود لە شاری حەلەب بەردەوامە.
میدیا فەرمییەکانی سووریا ڕوودانی شەڕ و ڕووبەڕووبوونەوەیان لەنێوان سوپای سووریا و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە باکووری حەلەب پشتڕاست کردووەتەوە.
ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤیش لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان 24، جەختی لەوە کردەوە، دۆخی ئەمنیی ناوچەکە بەرەو ئاڵۆزییەکی مەترسیدار ڕۆیشتووە و پێکدادانەکان فراوانتر بوون.
گەڕەکەکانی شێخ مەقسوود و ئەشرەفییە لە حەلەب، کە وەک ناوچەی کوردنشین دەناسرێن، لە چەند ساڵی ڕابردوودا بەردەوام لەژێر کۆنترۆڵی هێزە کوردییەکاندا بوون، بازنەی شیحان کە ئێستا بوەتە مەیدانی شەڕ و جێگیربوونی نیشانەشکێنەکان، خاڵێکی سەرەکی بەیەکگەیشتنی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی سووریا و هەسەدەیە، ئەم گرژییە نوێیانە لە کاتێکدایە کە لایەنەکان یەکتر بە تێکدانی سەقامگیری و هێرشکردنە سەر مەدەنییەکان تۆمەتبار دەکەن، ئەمەش ئەگەری فراوانبوونی شەڕەکە بۆ ناوچەکانی تری باکووری سووریا زیاتر دەکات.
