تورکیا گیانلەدەستدانی سەرجەم سەرنشینانی فڕۆکەکەی سوپاسالاری لیبیای ڕاگەیاند
دەسەڵاتدارانی تورکیا ڕایانگەیاند: سوپاسالاری لیبیا و سەرجەم هاوەڵەکانی، لە کاتی کەوتنە خوارەوەی فڕۆکەکەیان گیانیان لە دەستدا.
سێشەممە، 23ـی کانوونی یەکەمی 2025، مێدیاکانی تورکیا بڵاویان کردەوە، "دەسەڵاتدارانی وڵاتەکە لایەنی لیبیایان ئاگادار کردووەتەوە، کە سەرجەم سەرنشینانی ئەو فڕۆکەیەی کە سوپاسالاری لیبیا و چوار کەسی دیکەی هەڵگرتبوو گیانیان لە دەست داوە، هەروەها تەرمەکانیشیان دۆزراونەتەوە.
هەروەها لای خۆیەوە عەبدولحەمید دەبەیبە، سەرۆکی حکوومەتی لیبیا، گیانلەدەستدانی سوپاسالاری وڵاتەکەی و سەرجەم هاوەڵەکانی لە کاتی گەڕانەوەیان لە گەشتێکی فەرمی لە ئەنقەرەوە بۆ لیبیا ڕاگەیاند و سەرەخۆشی لە کەسوکارەکانیان کرد.
سوپاسالاری هێزە چەکدارەکانی لیبیا، بەیانی ئەمڕۆ بە بانگهێشتێکی فەرمی لە لایەن سوپاسالاری تورکیاوە، گەیشتبووە ئەنقەرە و چەندین کۆبوونەوەی فەرمی ئەنجام دابوو، یەکێک لەوانە؛ لەگەڵ یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا.
محەممەد حەداد، سوپاسالاری هێزە چەکدارەکانی لیبیا، بەیانی ئەمڕۆ بە بانگهێشتێکی فەرمی لە لایەن سوپاسالاری تورکیاوە، گەیشتبووە ئەنقەرە و چەندین کۆبوونەوەی فەرمی ئەنجام دابوو، یەکێک لەوانە؛ لەگەڵ یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا.
بەڵام ئەمشەو سوپاسالاری لیبیا و چوار هاوەڵی، لەکاتی گەڕانەوەیان لە ئەنقەرە بۆ لیبیا، فڕۆکەیکەیان بە هۆی کێشەیەکی تەکنیکییەوە کەوتە خوارەوە.
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس)، بڵاوی کردبووەوە، هێزەکانیان توانیویانە پارچەکانی فڕۆکە تێکشکاوەکە بدۆزنەوە، کە محەممەد عەلی ئەحمەد حەداد سوپاسالاری لیبیا لەگەڵ پێنج سەرنشینی دیکە تێدا بووە.
وەزیری ناوخۆی تورکیا ئاماژەی بەوە دابوو، شوێنی دۆزینەوەی فڕۆکەکە دەکەوێتە دووریی 2 کیلۆمەتر لە باشووری گوندی "کەسیککاڤاک"ی سەر بە شارۆچکەی هەیمانە لە پارێزگای ئەنقەرە.
