عێراق لیژنەیەکی باڵا بۆ سنووردارکردنی چەک پێکدەهێنێت
عێراق لیژنەیەکی باڵا بۆ سنووردارکردنی چەک پێکدەهێنێت و گرووپەکان داوای گەرەنتی سیاسی و ئەمنیی دەکەن.
سەرچاوەیەکی سیاسی ئاگادار ئاشکرای کرد بڕیارە لیژنەیەکی باڵای هەماهەنگی بە دەسەڵاتی فراوانەوە پێکبهێنرێت بە مەبەستی دڵنیابوون لەوەی کە سەرجەم چەکەکان تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا بن و ئەم لیژنەیەش سەرپەرشتی ڕێکارەکانی دەستبەسەرداگرتنی چەکی بێ مۆڵەت و مامناوەند و قورس و تەنانەت درۆن دەکات.
بەگوێرەی زانیارییەکان بڕیار وایە دوای پێکهێنانی حکوومەتی نوێ یاسای تایبەت بە چەکداماڵین و ڕێکخستنی چەکەکان دەربچێت بۆ ئەوەی هەموو لایەنەکان بەبێ جیاوازی و بەبێ گوێدانە نازناو و ناوی حزبی و سیاسی چەکەکانیان ڕادەستی دەوڵەت بکەن و هەر لایەنێکیش پابەند نەبێت بەگوێرەی یاسا کارپێکراوەکان مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.
لە بەرامبەر ئەم هەنگاوەدا گرووپە چەکدارە شیعەکان داوای کۆمەڵێک گەرەنتییان لە حکوومەت کردووە کە گرنگترینیان پاراستنی سەرکردەکان و مەڵبەندەکانیانە لە هەر هێرش و بە ئامانجگرتنێک و هەروەها جێگیرکردنی شایستە سیاسییەکانیان لە حکوومەتی داهاتوودا بەگوێرەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان. هاوکات ئەو گرووپانە مەرجی ئەوەیان داناوە، پۆستە گرنگەکان تەنیا بۆ ئەوان بێت و بەسەر کەسایەتییە سەربەخۆکاندا دابەش نەکرێن چونکە پێیان وایە قۆناغی داهاتوو قۆناغی بنیاتنانی دەوڵەتێکی مەدەنییە و لەو بارەیەوە عەبدولڕەحمان جەزائیری، سەرکردە لە چوارچێوەی هەماهەنگی ئاماژەی بەوە کرد، ئەم پرسە هەموو ئەو لایەنانە دەگرێتەوە کە لە دەرەوەی دەوڵەت چەک هەڵدەگرن.
هەرچەندە بەشێک لە گرووپە چەکدارەکانی وەک لیواکانی ئیمام عەلی و عەسائیب ئەهلولحەق و چەند لایەنێکی دیکە ڕەزامەندییان بۆ چەکداماڵین دەربڕیوە بەڵام حزبوڵڵای کەتایب و بزووتنەوەی نوجەبا هێشتا ڕەتیدەکەنەوە چەکەکانیان ڕادەست بکەن و مەرجی سەروەریی تەواوی عێراق و کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکایان داناوە. ئەم هەوڵانە لە کاتێکدایە کە واشنتن فشارەکانی بۆ سەر بەغدا چڕ کردووەتەوە بۆ کۆتاییهێنان بە ڕۆڵی گرووپە چەکدارەکان و نێردەی سەرۆکی ئەمەریکاش لە عێراق ئەم هەنگاوانەی بە پێشهاتێکی هاندەرانە و ئەرێنی وەسف کردووە کە هاوتایە لەگەڵ خواستەکانی مەرجەعیەتی ئایینی و سەرکردە ئایینییەکان.
