شاندی دانوستانکاری پارتی و هادی عامری لە کۆبوونەوەدان
شاندی دانوستانکاری پارتی و سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق تاوتوێ دەکەن.
بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، 24ـی کانوونی یەکەمی 2025، کۆبوونەوەی شاندی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح، لە بەغدا دەستیپێکرد.
تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە، تاوتوێکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان و پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراقە.
شاندەکەی پارتی کە لە ئێوارەی دووشەممەوە، 22ـی کانوونی یەکەمی 2025ـەوە گەیشتووەتە بەغدا، پشکی کورد لە حکوومەتی داهاتووی عێراق و ئیستحقاقی پارتی وەک براوەی یەکەمی هەڵبژاردن لەگەڵ لایەنەکان تاوتوێ دهكات.
شاندی پارتی تا ئێستا لەگەڵ هەر یەکە لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆکی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپیدان؛ نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا؛ عەممار حەکیم، سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی؛ موسەننا سامەڕائی، سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزم و چەندان بەرپرس و سەرکردەی سیاسیی سوننە و شیعە کۆبووەتەوە.
شاندی پارتی پێکدێن لە:
- فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسی.
- فوئاد حوسێن، ئەندامی مەکتەبی سیاسی.
- نەوزاد هادی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی.
- ئومێد سەباح، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی.
- فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا.
سەردانی ئەم شاندەی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ بەغدا لە کاتێکدایە، هەوڵ و دانوستانەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق چڕبوونەتەوە. دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەران لە 11ـی تشرینی دووەم، لایەنە سیاسییەکان بەتایبەت هێزە براوەکان، جووڵەیان بۆ پێکهێنانی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی و دابەشکردنی پۆستە سیادییەکان دەستپێکردووە.
پارتی دیموکراتی کوردستان وەک هێزی یەکەمی براوەی هەڵبژاردن لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق، جەخت لەسەر بنەماکانی هاوسەنگی، هاوبەشی و سازان دەکاتەوە. چاوەڕوان دەکرێت گفتوگۆکانی ئەم شاندە لە بەغدا، کاریگەریی بەرچاوی لەسەر دیاریکردنی سەرۆک کۆمار و یەکلاییکردنەوەی پشک و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان لە حکوومەتی داهاتووی عێراقدا هەبێت.
