تورکیا.. کارەکانی کۆمیسیۆنی ئاشتی بۆ ماوەی دوو مانگی دیکە درێژ کرایەوە
کۆمیسیۆنی دیموکراسی، برایەتی و یەکڕیزی نیشتمانیی پەرلەمانی تورکیا، بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی بڕیاری دا کارەکانی بۆ دوو مانگی دیکە درێژ بکاتەوە.
کارەکانی کۆمیسیۆنی دیموکراسی، برایەتی و یەکڕیزی نیشتمانیی پەرلەمانی تورکیا، لە کۆتایی ئەمساڵدا کۆتایی دێت، بەڵام لایەنەکانی نێو کۆمیسیۆنەکە ڕاپۆرتیان لە بارەی هەموارەیاساییەکانی پەیوەست بە پرۆسەی ئاشتی پێشکەشی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کرد.
مێدیاکانی تورکیا بڵاویان کردەوە، کۆمیسیۆنەکە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ چوارشەممە 24ـی کانوونی یەکەمی 2025، بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی، بڕیاری دا کارەکانی بۆ دوو مانگی دیکە درێژ بکاتەوە.
لای خۆیەوە نوعمان کورتوڵموش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا، لە گوتارێکدا ئاماژەی بەوە دا، دەبێت هەنگاوەکانی ئاشتی بە خێرایی بنرێن، چونکە دەرفەتێکی مێژوویی لە بەردەم تورکیادایە و نابێت لە دەست بدرێت.
کۆمیسیۆنەکە بۆ ئامادەکردنی زەمینەی یاسایی بۆ پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە و چارەی کێشەکان دامەزراوە، تا ئێستا کۆمیسیۆنەکە 20 جار کۆبووەتەوە.
مشتومڕ و بۆچوونی لایەنەکان لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا:
جەهەپە، داوا دەکات دان بە بوونی "کێشەی کورد"دا بنرێت و گۆڕانکاری لە یاسای تیرۆر بکرێت و ئازادییەکان فەراهام بکرێن.
دەم پارتی، ڕەخنە لە جەهەپە دەگرێت کە ڕاپۆرتەکانیان پێشنیازی کردەیی و کۆنکرێتی تێدا نییە و داوای ڕاپۆرتێکی گشتگیرتر دەکات.
ئاکپارتی و مەهەپە، جەخت لەوە دەکەنەوە کە نابێت دەستکاریی دەستوور و یەکپارچەیی خاک بکرێت و پرۆسەکە تەنیا لە چوارچێوەی "تورکیای بێ تیرۆر"دا دەبینن.
