14 وڵات دژی فراوانخوازیی ئیسرائیل لە کەرتی ڕۆژئاوا دێنە دەنگ

14 وڵات، لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا وێڕای دژایەتیکردنی بڕیاری کابینەی جەنگی ئیسرائیل بۆ دروستکردنی 19 کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون لە کەرتی ڕۆژئاوا، هۆشداری دەدەن کە ئەم هەنگاوە تاکلایەنانە پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتییە و جێبەجێکردنی پلانی ئاشتی بۆ غەززە و سەقامگیریی تەواوی ناوچەکە دەخاتە مەترسییەوە.

چوارشەممە 24ـی کانوونی یەکەمی 2025، 14 وڵاتی لە نێوانیاندا، بەلجیکا، کەنەدا، دانیمارک، فەرەنسا، ئەڵمانیا، ئیتاڵیا، ئایسلەندا، ئێرلەندا، ژاپۆن، ماڵتا، هۆڵەندا، نەرویج، ئیسپانیا و بەریتانیا لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا بڕیارەکانی کابینەی حکوومەتی جەنگی ئیسرائیل بۆ دروستکردنی 19 کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی نوێ لە کەرتی ڕۆژئاوای داگیرکراو سەرکۆنە دەکەن.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، وەبیری دەهێنینەوە کە ئەم جۆرە هەنگاوە تاکلایەنانە، وەک بەشێک لە چڕکردنەوەی سیاسەتەکانی نیشتەجێکردن لە کەرتی ڕۆژئاوا، نەک تەنیا پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتین، بەڵکوو مەترسیی زیادبوونی ناسەقامگیریشیان لێ دەکرێت.

باسیشی لەوە دەکەن، ئەم هەنگاوانە مەترسیی پەکخستنی جێبەجێکردنی پلانی گشتگیر بۆ غەززە دروست دەکەن، ئەوەش لە کاتێکدایە کە هەوڵەکان بۆ جێبەجێکردنی قۆناغی دووەم بەردەوامن، هەروەها دەبنە هۆی زیانگەیاندن بە ئاسۆی ئاشتی و ئاسایشی درێژخایەن لە تەواوی ناوچەکەدا.

ئەو 14 وڵاتە لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژەشیان داوە، دژایەتیی ڕاشکاوانەی خۆمان بۆ هەر جۆرە لکاندنێک و بۆ فراوانکردنی سیاسەتەکانی نیشتەجێکردن، لەوانەش پەسەندکردنی پلانی نیشتەجێکردنی (E1) و دروستکردنی هەزاران یەکەی نوێی نیشتەجێبوون، وەبیر دەهێنینەوە.

دەشڵێن: هاوتەریب لەگەڵ بڕیارنامەی 2334ـی ئەنجوومەنی ئاسایش، داوا لە ئیسرائیل دەکەین لەم بڕیارە و هەروەها لە فراوانکردنی کۆمەڵگە نیشتەجێبووەکان پاشگەز ببێتەوە.

هەروەها لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئێمە لە پشتیوانیکردنی مافی چارەی خۆ نووسینی فەڵەستینییەکاندا سوورین. پابەندبوونی نەگۆڕی خۆمان بۆ ئاشتییەکی گشتگیر، دادپەروەر و بەردەوام لەسەر بنەمای چارەسەری دوو دەوڵەت دووپات دەکەینەوە، ئەوەش بەپێی بڕیارنامە پەیوەندیدارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش، کە تێیدا دوو دەوڵەتی دیموکرات، ئیسرائیل و فەڵەستین،بە ئاشتی و ئاسایش لە چوارچێوەی سنووری پارێزراو و دانپێدانراودا بژین.

 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل