کۆبوونەوەکانی پارتی لە بەغدا بەردەوام دەبن
کۆبوونەوەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان بۆ تاوتوێکردنی پێکهێنانی حکوومەتی نوێ بەردەوام دەبن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 25ـی کانوونی یەکەمی 2025، شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆتایی بە سەردانە فەرمییەکەی بۆ بەغدا دەهێنێت. بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، شاندەکە لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان 15 کۆبوونەوەیان ئەنجامداوە بە (شیعە و سوننە).
بڕیارە هەر ئەمڕۆ لە بارەگای بارزانی لە شاری بەغدا، شاندەکەی پارتی پێشوازی لە ژمارەیەک کەسایەتیی سیاسی و ناوخۆیی عێراق بکات. هاوکات، یەکێک لە گرنگترین کۆبوونەوەکانی شاندەکە کاتژمێر 5: 30ـی ئێوارەی ئەمڕۆ لەگەڵ "فایەق زێدان"، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق دەبێت.
تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە لەگەڵ سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، جەختکردنەوەیە لەسەر بەڕێوەچوونی یەکەم کۆبوونەوەی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا، کە بڕیارە لە 29ـی ئەم مانگەدا ئەنجام بدرێت.
شاندەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە گفتوگۆکانیاندا لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان، جەختیان لەسەر چەند پرسێکی چارەنووسساز کردووەتەوە، لەوانە:
1. پشکی کورد لە حکوومەتی فیدراڵی و دیاریکردنی ئیستحقاقەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان.
2. یەکلاییکردنەوەی پرسی "سەرۆک کۆمار" کە وەک پشکی کورد دیاریکراوە.
ئەم جموجۆڵە سیاسییەی پارتی لە کاتێکدایە کە هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی قۆناغی نوێی سیاسی لە عێراق و دەستپێکردنی خولی نوێی پەرلەمان گەیشتوونەتە قۆناغێکی هەستیار.
لە ئێوارەی ڕۆژی دووشەممەی ڕابردووەوە، 22ـی کانوونی یەکەمی 2025، شاندێکی باڵای دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتیی فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسی، لە بەغدایە.
ئامانجی سەرەکیی سەردانەکەی شاندی دانوستانکاری پارتی؛ گفتوگۆکردنە لەگەڵ حزب و لایەنە براوەکانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی فیدراڵ و مسۆگەرکردنی پشکی کورد و ئیستیحقاقی پارتی وەک حزبی ژمارە یەک لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان.
شاندی پارتی پێکدێن لە:
- فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسی.
- فوئاد حوسێن، ئەندامی مەکتەبی سیاسی.
- نەوزاد هادی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی.
- ئومێد سەباح، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی.
- فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا.
شاندی پارتی تا ئێستا لەگەڵ هەر یەکە لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆکی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپیدان؛ نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا؛ عەممار حەکیم، سەرۆکی ڕەوتی حیکمەی نیشتمانی؛ موسەننا سامەڕائی، سەرۆکی هاوپەیمانیی عەزم؛ هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح؛ حەیدەر عەبادی، سەرۆکی هاوپەیمانیی نەسڕ و چەندان بەرپرس و سەرکردەی سیاسیی سوننە و شیعە کۆبووەتەوە.
سەردانی ئەم شاندەی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ بەغدا لە کاتێکدایە، هەوڵ و دانوستانەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق چڕبوونەتەوە. دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی ئەنجومەنی نوێنەران لە 11ـی تشرینی دووەم، لایەنە سیاسییەکان بەتایبەت هێزە براوەکان، جووڵەیان بۆ پێکهێنانی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی و دابەشکردنی پۆستە سیادییەکان دەستپێکردووە.
پارتی دیموکراتی کوردستان وەک هێزی یەکەمی براوەی هەڵبژاردن لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق، جەخت لەسەر بنەماکانی هاوسەنگی، هاوبەشی و سازان دەکاتەوە. چاوەڕوان دەکرێت گفتوگۆکانی ئەم شاندە لە بەغدا، کاریگەریی بەرچاوی لەسەر دیاریکردنی سەرۆک کۆمار و یەکلاییکردنەوەی پشک و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان لە حکوومەتی داهاتووی عێراقدا هەبێت.
