لە سووریا گوتاری ڕق و کینە لە دژی کورد بەردەوامە

گوتاری ڕق و کینە لەلایەن لایەنگرانی حکوومەتی شام و ڕاگەیاندنەکانیانەوە دژی کورد بەکار دەهێنرێت و شەقامی کوردی لە ڕۆژئاوای کوردستان نیگەران کردووە و بە گوتەی ئەوان، ئەم گوتارانە کێشەکانی نێوان کورد و عەرەب زیاتر دەکەن و کاریگەریی دەکاتە سەر جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی 10ی ئادار

زۆزک عەلی، سەرۆکی پارتی کۆبوونەوەی کوردستان، بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، "سەرەڕای ئەوەی ڕژێمی ئەسەد ڕووخاوە، کاربەدەستانی سووریا دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ هەمان سیاسەتی حوکمرانی، بەڵام بە ڕووکەشێکی جیاواز و شەڕ لەنێوان هاووڵاتییان زیاتر بکەن." ئەوەشی خستە ڕوو، ئێستا لە سووریا منداڵ دەکوژرێن و ئافرەتیش دەستدرێژییان دەکرێتە سەر و ڕق و کینە لەنێو چین و توێژی کۆمەڵگە زیاتر بووە.

چالاکوانان داوا دەکەن یاسایەک هەبێت بۆ ڕاگرتنی گوتاری ڕق و کینە و تۆمەتبەخشینەوە لە سووریا، تاوەکو ئاستی ڕەگەزپەرستی لە ناو کۆمەڵگەدا کەم ببێتەوە.

ئیدریس حاج تاهیر، چالاکوانی سیاسی دەڵێت: "زۆر ڕێگە هەن کە دەکرێت پشتیان پێوە  ببەستین، دیارترین و کاریگەرترینیان ڕێگەی گفتوگۆیە، بە دانیشتن و لێکگەیشتن دەتوانین سووریایەکی نوێ بنیات بنێین و پێویستە ڕق و کینە بە هیچ شێوەیەک لەنێوانماندا نەمێنێت."

لە دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەدەوە، گوتاری ڕق و کینە دژی پێکهاتەکانی سووریا لە لایەن لایەنگرانی دەسەڵاتی ئەحمەد شەرعەوە زیادی کردووە، بە تایبەت دژی کوردان. دوای ڕووداوەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود ئەم گوتارە بە شێوەیەکی بەرچاو بڵاو بووەتەوە؛ چاودێران دەبینن ئەم گوتارە بووەتە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر پێکەوەژیانی پێکهاتەکان لە سووریا.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل