کوردستانییانی ناوچەکانی ماددەی 140: ئەنجامی سەرژمێری بۆ مەرامی سیاسی بەکار دەهێنرێت
تەعریب لە کەرکووک بەتایبەت لەدوای 16ی ئۆکتۆبەر گەیشتە لووتکە، بە گوێرەی دوا سەرژمێریی, ژمارەی دانیشتوانی کەرکووک گەیشتووەتە دوو ملیۆن و 34هەزار کەس؛ هەموو ئەو عەرەبانەش کە لەدەرەوەی شارەکە و بۆتەعریب هێنراون بە هاووڵاتی کەرکووکی ناونووس کراون.
لە دوایین سەرژمێریی عێراق، ڕێککەوتنی پێشوەختە هەبوو لەنێوان حکوومەتی هەریمی کوردستان و حکوومەتی عێراقی فیدراڵ،کە نابێت ئەنجامی سەرژمێرییەکە، بەتایبەت لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان بۆ مەرامی سیاسی بەکار بهێنرێت و لەو ناوچانە پێویستە سەرژمێریی لەسەر بنەمای ئەنجامی سەرژمێریی ساڵی 1957 بێت. بەڵام حکوومەتی عێراق پابەندی ڕێککەوتنەکە نەبوو و سەرجەم ئەو عەرەبانەشی بە خەڵکی کەرکووک ناونووس کرد کە بە ڕەچەڵەک خەڵکی دەرەوەی شارەکەن ئەمەش پێچەوانەی دەستوور و یاسایە.
عەزیز محەممەد، دانیشتووێکی گەڕەکی ئیمام قاسمی کەرکووک کە بەر لە 400 ساڵ کورد بنیادی ناوە، بە کوردستان24ی ڕاگەیەند"چاویان بەرایی نادات بەرانبەر بە کورد و درۆ لەگەڵ کورد دەکەن، بگرە ئەو کاتانەی داوای دانووستانیش دەکەن و کورد بانگی بەغداش دەکەن هەر درۆ دەکەن کورد دەبێت لەوە حاڵی بێت."
عادل ئەحمەد، دانیشتووێکی دیکەی گەڕەکی ئیمام قاسم، گوتی: لە ساڵانی پەنجاکانەوە لە عەشیرەتی حەدیدیەکان بەدەر، ژمارەی ماڵە عەرەبەکانی کەرکووک لە 20 ماڵ کەمتر بوون، من ئێستا تەمەنم 70 ساڵە هیچ نەمبینیوە کەرکووک زۆرینەی عەرەب بێت و ئەو عەرەبانەی ئێستا لێرە نیشەجێن، هەمووی لە سەردەمی پێشووی بەعس هاوردەکراون و تا ئێستاش ئەو سیاسەتە شۆڤینییە بەردەوامە.
فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بە کوردستان24ی ڕاگەیاند "نزیکەی 500 تا 600 هەزار کەس لە ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە هاتبوون و ئێستا دەڵێن ئێمە بەشێکین لە سەرژمێریی ساڵی 2024، کەواتا هەوڵ دەدرێت ئەو دۆخەی ئێستا هەیە لە کەرکووک بکرێت بە فاکت و ئەمەش مەترسییەکی قووڵە، بۆیە زۆر گرنگە سەرکردایەتیی کورد ورد بێت لەم بابەتەدا."
سەرەڕای پلانەکانی تەعریب کە نزیکەی سەدەیەکە بەرانبەر ئەم شارە دەکرێت وهەوڵی گۆڕینی دیمۆگرافیاکەی دەدرێت، هێشتا زۆرینەی ئەم گەڕەکە کوردنشینە کوردستانیبوونی خۆی لەدەست نەداوە.
