وەزارەتی دەرەوەی نێجیریا: هێرشەکەی ئەمەریکا بە هاوکاریی هەواڵگری و ئەمنیی نێوانمانە

وەزارەتی دەرەوەی نێجیریا  ئەمڕۆ هەینی 26ـی کانوونی یەکەمی 2025، ئەنجامدانی زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانیی وردی لەلایەن سوپای ئەمەریکاوە بۆ سەر پێگەی گروپە توندڕەوەکان لە ناو وڵاتەکەیدا پشتڕاستکردەوە، ئەمەش وەک وەرچەرخانێکی نوێ لە هەماهەنگییە ئەمنییەکانی نێوان ئەبوجا و واشنتۆن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر هەژمار دەکرێت.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی فەرمی وەزارەتی دەرەوەی نێجیریا، ئەم ئۆپەراسیۆنانە لە چوارچێوەی هاوکارییەکی چڕی هەواڵگری و ئەمنیی نێوان هەردوو وڵاتدایە کە ئامانجی سەرەکییان لێدانی بنکەکانی تیرۆرە، بەتایبەتی لە ناوچەکانی باکووری ڕۆژئاوای نێجیریا.

 وەزارەتی دەرەوەی نێجیریا ئاماژەی بەوە کردووە، حکوومەتی وڵاتەکەی لەسەر بنەمایەکی ڕێکخراو لەگەڵ هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان، بە تایبەت ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، بەردەوامە لە کارکردن بۆ بنبڕکردنی هەڕەشە بەردەوامەکانی توندڕەویی توندوتیژئامێز.

ئەم پێشهاتە سەربازییە لە کاتێکدایە کە ئاژانسی ڕۆیتەرز پێشتر ئاشکرای کردبوو، فڕۆکە هەواڵگرییەکانی ئەمەریکا لە کۆتاییەکانی مانگی نۆڤێمبەری ساڵی ڕابردووەوە، چاودێرییەکانیان بە ئاسمانی ناوچە بەرفراوانەکانی نێجیریا دەستپێکردووە،هەرچەندە لە ڕووی سیاسییەوە جۆرێک لە گرژی لە تێڕوانینەکاندا هەبووە، بەوپێیەی واشنتۆن نێجیریا بە کەمتەرخەم لە پاراستنی کریستیانەکان تۆمەتبار دەکات، بەڵام حکوومەتی نێجیریا ئەو دەنگۆیانە ڕەتدەکاتەوە.

بەرپرسانی ئەبوجا جەخت دەکەنەوە، گروپە چەکدارەکان بەبێ جیاوازی هێرش دەکەنە سەر موسڵمانان و کریستیانەکان و دۆخە ئەمنییەکە زۆر لەوە ئاڵۆزترە کە وەک چەوساندنەوەی ئایینی وێنا بکرێت، سەرەڕای ئەم جیاوازییە لە لێکدانەوەی دۆخی ئازادیی ئایینی، نێجیریا بڕیاری داوە لە کایە سەربازییەکەدا هاوکارییەکی تەواوی ئەمەریکا بکات بۆ بەهێزکردنی سوپاکەی لە جەنگی دژی گروپە یاخیبووەکاندا.

 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل