حەوت خووی سادەی ڕۆژانە بۆ باشترکردنی باری دەروونی
هەموومان تووشی ئەو ڕۆژانە دەبین کە بە دڵتەنگییەوە لە خەو هەڵدەستین یان بێ هۆکارێکی دیار هەست بە بێتاقەتی دەکەین، لەم کاتانەدا ئەنجامدانی سادەترین کارەکانیش بەلامانەوە قورس دەبێت، بەڵام پسپۆرانی تەندروستیی دەروونی ڕێگەی ئاسان بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە دەخەنە ڕوو.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی گۆڤاری "Real Simple"ی ئەمەریکی، باشکردنی مەزاج پێویستی بە گۆڕانکاریی گەورە نییە، بەڵکو چەند خویەکی بچووک و سادە دەتوانن وزەیەکی ئەرێنی زۆرت پێ ببەخشن کە دیارترینیان بریتین لە:
1- ڕێکخستنی شوێنی خەوتن
ئەم کارە تەنیا چەند خولەکێکی دەوێت، بەڵام وەک ئەنجێلا بێلفیڵ، ڕاوێژکاری تەندروستیی دەروونی دەڵێت: ڕێکخستنی جێگەی خەو لە بەیانیاندا هەستێکی خێرام پێ دەبەخشێت کە کارێکی گرنگم ئەنجامداوە، ئەمەش دەبێتە هۆی زنجیرەیەک ڕەفتاری ئەرێنی لە درێژەی ڕۆژەکەدا.
2- ئامادەکردنی خواردنێکی ئاشنا
میگ بۆمان، پسپۆڕی خۆراک ئاماژە بەوە دەکات، کارە دووبارەبووەکانی وەک وردکردنی سەوزە یان تێکدانی چێشت، یارمەتی دابەزاندنی هۆرمۆنی سترێس دەدەن، ئامادەکردنی ئەو خواردنانەی کە پێشتر شارەزاییت تێیاندا هەیە، مێشک ماندوو ناکات و هەستی سەرکەوتنت پێ دەبەخشێت، ئەمەش دەبێتە هۆی دەردانی هۆرمۆنی دۆپامین کە بەرپرسە لە هەستی ڕەزامەندی.
3- نان خواردنی ڕێکوپێک
ڕێکخستنی کاتەکانی ژەمەکان یارمەتی جێگیربوونی ئاستی شەکر لە خوێندا دەدات، ئەمەش ڕێگری دەکات لە توڕەیی و گۆڕانی کتوپڕی مەزاج، پسپۆڕێکیش دەڵێت: زۆر کەس وا دەزانن تووشی دڵەڕاوکێ بوون، بەڵام لە ڕاستیدا تەنیا برسییانە.
4- خواردنەوەی چا یان قاوە
پسپۆران دەڵێن: خواردنەوە گەرمەکان ئاماژەی ئارامی و سەلامەتی بۆ کۆئەندامی دەمار دەنێرن، گەرمی لە مێشکی مرۆڤدا بە هێمنی و حەوانەوە بەستراوەتەوە، ئەمەش یارمەتی جەستە دەدات مەزاج باشتر بکات.
5- سەیرکردنی فیلم یان زنجیرە
هەرچەندە مانەوەی زۆر لەبەردەم شاشە تەندروست نییە، بەڵام بینینی ئەو چیرۆکانەی کە پێشتر بینیوتن و دەزانیت چی ڕوودەدات، باری سەر مێشک سوک دەکەن، هەستکردن بە دڵنیایی لە ڕووداوەکانی فیلمێکی کۆمیدی یان کارێکی پڕ لە یادگاری، ئارامییەکی زۆر بە دەروون دەبەخشێت.
6- هەڵمژینی بۆنێکی خۆش
پسپۆڕان ئامۆژگاری دەکەن بۆ ماوەی 5 بۆ 10 چرکە بۆنێکی خۆش هەڵبمژن، بۆنەکان کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر ئەو ناوچانەی مێشک هەیە کە بەرپرسن لە چێژ و وردیی، بۆنی ڤانێلا و ڕۆزماری بە باشترین بۆنەکان دادەنرێن بۆ باشکردنی مەزاج.
7- شۆردنی دەموچاو بە ئاوی سارد
ئاوی سارد تەنیا بۆ بەخەبەرهێنانەوە نییە، بەڵکو کۆئەندامی دەماری لاوەکی (Parasympathetic) چالاک دەکات کە بەرپرسە لە حەوانەوە،هەر کاتێک هەستت بە فشار یان دڵەڕاوکێ کرد، تەنیا کەمێک ئاوی سارد بپڕژێنە بە دەموچاوتدا بۆ ئەوەی دەروونت ئارام ببێتەوە.
