میسر و تورکیا و جیبۆتی و سۆماڵ دژی بڕیارێکی ئیسرائیل دەوەستنەوە

هەر یەکە لە قاهیرە، ئەنقەرە، جیبۆتی و مەقادیشۆ ڕەتی دەکەنەوە هیچ قەوارەیەکی هاوتەریب هەبێت کە دژی یەکپارچەیی دەوڵەتی سۆماڵ بێت. ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بەرانبەر بە دانپێدانانی ئیسرائیل بە هەرێمی سۆماڵیلاند وەک وڵاتێکی سەربەخۆ.

ئەمڕۆ هەینی 26ـی کانوونی یەکەمی 2025، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا هەر یەکە لە بەدر عەبدولعاتی، وەزیری دەرەوەی میسر، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، عەبدولسەلام عەبدی، وەزیری دەرەوەی سۆماڵ و عەبدولقادر حوسێن، وەزیری دەرەوەی جیبۆتی، پەرەسەندنەکانی پەیوەست بە دانپێدانانی ئیسرائیل بە هەرێمی سۆماڵیلاندیان تاوتوێ کرد.

وەزارەتی دەرەوەی میسر لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند: هەر لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا وەزیرانی دەرەوەی چوار وڵاتەکە جەختیان لە ڕەتکردنەوەی تەواوەتی دانپێنان بە هەرێمی سۆماڵیلاند کردەوە، هەروەها سەرکۆنەی ئەو بڕیارەی ئیسرائیلیان کرد تایبەت بە دانپێنان بە هەرێمەکە وەک وڵاتێکی سەربەخۆ.

هەروەها وەزیرەکان، هەر ڕێکارێکی تاکلایەنە کە ببێتە هۆی زیانگەیاندن بە سەروەریی خاکی سۆماڵ، یان لەباربردنی بنەماکانی سەقامگیری لە وڵاتەکەدا ڕەت کردەوە.

هەر چوار وەزیرەکە جەختیان لە پشتیوانیی دامەزراوە شەرعییەکانی وڵاتی سۆماڵ کردەوە، لەگەڵ ڕەتکردنەوەی هەر هەوڵێک بۆ سەپاندنی قەوارەی هاوتەریب کە دژی یەکپارچەیی سۆماڵ بێت.

هەر لە میانەی پەیوەندییەکاندا جەخت لەوە کرایەوە کە دانپێدانان بە سەربەخۆیی بەشێک لە خاکی وڵاتان، بە پێشینەیەکی مەترسیدار و هەڕەشە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی و بۆ بنەما چەسپاوەکانی یاسای نێودەوڵەتی و پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان دادەنرێت.

وەزیرەکان دووپاتیان کردەوە، کە ڕێزگرتن لە یەکپارچەیی و سەروەری و سەلامەتیی خاکی وڵاتان، کۆڵەکەیەکی سەرەکییە بۆ سەقامگیریی سیستەمی نێودەوڵەتی و نابێت لەژێر هەر پاساوێکدا دەستکاری بکرێت.

وەزارەتی دەرەوەی میسر، ئاماژەی بەوە کرد، وەزیرەکان هەر پلانێک ڕەت دەکەنەوە، کە ئامانج لێی کۆچپێکردنی دانیشتووانی فەڵەستیین بۆ دەرەوەی خاکەکەیان بێت.

 

ئیسرائیل بە فەرمی دانی بە سەربەخۆیی سۆماڵیلاند نا

ئەمڕۆ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، بە شێوەیەکی فەرمی بڕیاری دانپێدانانی وڵاتەکەی بە هەرێمی سۆماڵیلاند وەک وڵاتێکی سەربەخۆ و خاوەن سەروەری ڕاگەیاند.

لە ڕێوڕەسمێکدا، هەریەک لە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیران و جەدعون ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، لەگەڵ سەرۆکی سۆماڵیلاند، ڕاگەیەندراوێکی هاوبەش و دوولایەنەیان لەم بارەیەوە واژۆ کرد.

 

سۆماڵیلاند

هەرێمی سۆماڵیلاند، لە ساڵی 1991ـەوە جیابوونەوەی خۆی لە سۆماڵ ڕاگەیاندووە، بەڵام لەو کاتەوە تا ئێستا، هیچ دانپێدانانێکی نێودەوڵەتیی فەرمیی لە لایەن هیچ وڵاتێکی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان بەدەست نەهێناوە، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی وەک هەرێمێکی خاوەن حوکمڕانیی خۆسەر لە چوارچێوەی سۆماڵی فیدراڵدا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.

هەرێمی سۆماڵیلاند، بە درێژایی 850 کیلۆمەتر بەسەر باشووری کەنداوی عەدەن و دەروازەی گەرووی بابولمەندەبدا دەڕوانێت، کە ڕێڕەوێکی بازرگانیی جیهانییە. ئەم هەرێمە لە ڕۆژئاواوە لەگەڵ جیبۆتی، لە باشوور و ڕۆژئاواوە لەگەڵ ئەسیوبیا، لە ڕۆژهەڵاتیشەوە لەگەڵ سۆماڵ هاوسنوورە. ڕووبەرەکەی 177 هەزار و 120 کیلۆمەتر دووجایە.

ژمارەی دانیشتووانی سۆماڵیلاند نزیکەی 5.7 ملیۆن کەسە. شاری "هێرگێیسا" تەنیا پایتەخت نییە، بەڵکو ناوەندی سیاسی و کارگێڕیی هەرێمەکەیە، جگە لە شاری "بەربەرە" کە پایتەختی ئابوورییە بەهۆی بەندەرە ستراتیژییەکەیەوە.

زمانی سۆماڵی زمانی فەرمییە و وەک زمانی دایک بەکار دێت، هاوکات زمانی عەرەبی لە خوێندن و کاروبارە ئایینییەکاندا بەکار دێت و ئینگلیزیش زمانی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانە. ئیسلام ئایینی فەرمییە و سەرجەم دانیشتووانەکەی موسڵمانی سوننە مەزهەبن.

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل