ترەمپ خۆی بە بڕیاردەری کۆتایی جەنگی ئۆکرانیا دەناسێنێت
دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆبوونەوەیەکی چاوەڕواننەکراودا لە فلۆریدا، ڕووی کردە زێلێنسکی هاوتا ئۆکرانییەکەی و ڕایگەیاند؛ "زێلێنسکی هیچ شتێکی پێ نییە" کە ئەو پەسەندی بکات.
لە چاوپێکەوتنێکی ماڵپەڕی "پۆلەتیکۆ" ترەمپ سەبارەت بە لووتکەی ڕۆژی یەکشەممەی مار ئالاگۆ گوتی: " سەرۆکی ئۆکرانیا هیچی نییە بۆ ئەوەی من پەسەندی بکەم، بۆیە دەبینن چی دەبێت".
ترەمپ جەختی کردەوە ئەو "بڕیاردەری کۆتاییە" لە هەر ڕێککەوتنێکی ئاشتیی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا، و ئاماژەی بەوەش کرد هەر دەستپێشخەرییەک بەبێ ڕەزامەندی ئەو "بێ بەهایە".
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکانی "ڕۆیتەرز" و "فرانس پرێس"، کۆبوونەوەکە تیشک دەخاتە سەر پرسە خاکییەکان کە گەورەترین بەربەستن لەبەردەم کۆتاییهێنان بە جەنگ.
پلانە پێشنیازکراوەکەی ئەمەریکا بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان ئەمانە لەخۆ دەگرێت:
ڕاگرتنی جەنگ لەو شوێنەی ئێستا هێزەکانی تێدایە. هەروەها فشارخستنە سەر ئۆکرانیا بۆ کشانەوە لە بەشەکانی دیکەی ناوچەی دۆنێتسک کە نزیکەی %20ـی خاکەکەی پێکدەهێنێت، بەگوێرەی داواکارییەکانی ڕووسیا. لەگەڵ پێشنیازی بەڕێوەبردنی هاوبەش لەنێوان (ئەمەریکا، ڕووسیا و ئۆکرانیا) بۆ گەورەترین وێستگەی ئەتۆمی ئەوروپا.
ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە کە زێلێنسکی پێشتر پلانە نوێکراوەکەی ئەمەریکای ڕەتکردووەتەوە. لە بەرامبەردا ڕووسیا ڕەخنەی لە هەڵوێستەکەی کیێڤ گرتووە و تۆمەتباری کردووە بەوەی هەوڵی پەکخستنی دانوستانەکان دەدات.
ترەمپیش ئاماژەی بەوە کردووە؛ لە کاتێکی گونجاودا لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیاشدا گفتوگۆ دەکات.
