غەززە؛ مردن لەژێر داروپەردووی خانووە داڕووخاوەکاندا خۆی مەڵاس داوە
ئەحمەدی تەمەن هەشت ساڵ، لە دوورەوە بە چاوێکی پڕ خەم و کەسەرەوە دەڕوانێتە باوک و دایکی کە لەژێر بنمیچی داڕووخاوی خانوویەکدا دانیشتوون، بەبێ ئەوەی درک بەوە بکەن، کە مردن لەو دیوو دیوارە ڕووخاوەکانەوە خۆی مەڵاس داوە.
دایکی ئەحمەد، بە دەم گریانەوە دەڵێت: ئێمە 30 کەس لەم خانووە وێرانەدا دەژین. کەسیش فریامان ناکەوێت. هەموو ساتێک لەوانەیە بەسەرماندا بڕووخێت؛ با فریای منداڵەکانمان بکەون.
لەبەردەم خانوویەکی داڕووخاودا، کە هێشتا بۆنی دووکەڵ تێکەڵ بە یاداوەرییەکانی دانیشتووانەکەی دەبێت، خێزانە فەلەستینییەکان داوای فریاکەوتنی خێرا بۆ نۆژەنکردنەوی خانووەکانیان و دانانی کابینە دەکەن بۆ ئەوەی لەو ژیانە پڕ مەترسییە ڕزگاریان ببێت.
مەحموود بەسەڵ، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی فەڵەستینی، دەڵێت: گواستنەوەی ئاوارەکان لە ژێر ئەم خانووە ڕووخاوانەوە بۆ خێوەت، چارەسەری کێشەکە ناکات. ئێمە داوا دەکەین بە زووترین کات ڕێگە بە هاتنەژوورەوەی کابینەکان بۆ کەرتی غەززە بکرێت.
هەرچەند دوو مانگ و نیو بەسەر ڕاگەیاندنی ئاگربەستی غەززەدا تێپەڕ بووە، بەڵام هێشتا کابینەی پێویست بۆ نیشتەجێ کردنی دانیشتووان نەگەیشتووە، ئاڵۆزیی مامەڵەی گەیاندنی ئەو کابینانە لە دەروازە سنوورییەکانەوە، وای کردووە خەڵکەکە، ناچار بن لە ژێر خانووە وێرانکراوەکاندا بژین.
ویسام عەوەزی، دانیشتووی غەززە دەڵێت: ماوەیەک لەمەوبەر، لەپڕ ئەو خانووەی تێیدا دەژیاین، داڕووخا و پێنج ئەندامی خێزانەکەم گیانیان لەدەست دا.
باری سەختی گوزەرانی خەڵکی غەززە، لە سایەی بێدەنگی ویژدانی مرۆڤایەتیی جیهاندا بەردەوامە و لە چاوەڕوانی گەیشتنی کابینەدا، داڕووخانی خانووەکان مەرگی خەڵکیان لێ دەکەوێتەوە.
