ترامپ: هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی ئۆکرانیا گەیشتوونەتە قۆناغی کۆتایی
دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمەریکا، ڕایگەیاند: پڕۆسەی ئاشتی و هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ ڕاگرتنی جەنگی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا لە قۆناغەکانی هەرە کۆتاییەکاندان.
ترامپ دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی لە ویلایەتی فلۆریدا، ئاماژەی بەوە کرد، هەریەک لە سەرۆکی ئۆکرانیا و ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا، لە بڕیارەکانیاندا بۆ گەیشتن بە ئاشتی ڕژدن و ئۆکرانیاش لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی کۆتایی جەنگەکەدا، گەرەنتییەکی ئەمنیی زۆر بەهێز و تۆکمە بەدەست دەهێنێت.
سەبارەت بە وردەکاریی گفتوگۆکان، کۆشکی سپی و کرێملین هاوڕان لەسەر ئەوەی کە ئاگربەستی کاتی چارەسەر نییە.
لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لە نێوان ترامپ و پوتین، هەردوولا گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە پێشنیازی ئاگربەستی کاتی لە لایەن کیێڤ و هاوپەیمانە ئەوروپییەکانەوە، تەنیا دەبێتە هۆی درێژکردنەوەی ململانێکان و دووبارە دەستپێکردنەوەی شەڕ و پێکدادانەکان، بۆیە جەخت لەسەر ڕێککەوتنێکی بنەڕەتی دەکرێتەوە.
وەک ئامادەکارییەک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، کرێملین داوای لە ئۆکرانیا کردووە، بڕیارێکی بوێرانە بدات و هێزەکانی لە ناوچەی دۆنباس بکشێنێتەوە.
یوری ئۆشاکۆڤ، ڕاوێژکاری دیپلۆماسیی کرێملین، ڕایگەیاند: بۆ ئەوەی جەنگەکە بە یەکجاری بوەستێت، پێویستە کیێڤ بەبێ دواکەوتنی زیاتر بڕیاری کشانەوە لە دۆنباس بدات.
ئەم جوڵە دیپلۆماسییە چڕانەی ترامپ نیشانەی نزیکبوونەوەی کاتی واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی گشتگیرە کە کۆتایی بە یەکێک لە گەورەترین ململانێ سەربازییەکانی جیهان دەهێنێت.
