وەزارەتی پەروەردە ئەنجامی بەرایی نمرەکانی وەرزی یەکەمی قوتابیانی ڕاگەیاند

وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەرجەم قوتابیان و باوانی پۆلەکانی یەکی بنەڕەتی تا 12ی ئامادەیی لە قوتابخانە حکوومییەکان ئاگادار دەکاتەوە کە ئێستا دەتوانن ئەنجامی بەرایی نمرەی هەڵسەنگاندن و تاقیکردنەوەکانی وەرزی یەکەمی خوێندنی ساڵی 2025 لە ڕێگەی ئەپڵیکەیشنی (ئی-هەڵسەنگاندن)ەوە وەربگرنەوە.

ئەم پڕۆسە دیجیتاڵییە کە لە ڕێکەوتی 28ی 12ی 2025 ڕاگەیەندرا، ئاسانکارییەکی گەورە بۆ قوتابیان و خێزانەکانیان دابین دەکات تاوەکو بە شێوەیەکی سەردەمیانە و خێرا ئاگاداری ئاستی زانستیی وەرزی یەکەمیان بن. 

ئەپڵیکەیشنی (ئی-هەڵسەنگاندن) کە وەک ناوەندێکی سەرەکیی بڵاوکردنەوەی نمرەکان دەستنیشان کراوە، لە لایەن دامەزراوەی کوردستان فاوندەیشن (Kurdistan Foundation) پاڵپشتیی تەکنیکی دەکرێت.

ڕاگەیاندنی نمرەکان بە شێوەی دیجیتاڵی لە کاتێکدایە کە وەزارەتی پەروەردە ئاماژەی بەوە کردووە زیاتر لە ملیۆنێک و 800 هەزار قوتابی لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان سوودمەند دەبن لەم سیستمە. 

هەرچەندە لە کاتژمێرەکانی سەرەتای کاراکردنی ئەپڵیکەیشنەکەدا بەهۆی لۆدێکی زۆر و سەردانی هاوکاتی قوتابیانەوە خاوبوونەوەیەک لە سیستمەکەدا دروست ببوو، بەڵام تیمە تەکنیکییەکان کار دەکەن بۆ ئەوەی بە زووترین کات پڕۆسەکە بەبێ گرفت بەردەوام بێت و هەموو قوتابیان دەستیان بە ئەنجامەکانیان بگات.

 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل