ئەنجوومەنی نیشتمانیی سوننەکان کاندیدی خۆی بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان یەکلایی کردەوە
زۆرینەی لایەنەکانی نێو سوننە، جگە لە هاوپەیمانیی عەزم، لەسەر کاندیدکردنی هەیبەت حەلبووسی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕێککەوتن.
یەکشەممە، 28ـی کانوونی یەکەمی 2025، خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانیی سیادە، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: "دوای ڕاوێژ و گفتوگۆ لە نێوان سەرکردەی فراکسیۆنە سیاسییە براوەکان، کە نوێنەرایەتیی زۆرینەی حزبە سیاسییەکانی نێو ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانیی دەکەن، ئێمە لە (تەقەدووم، سیادە، حەسم و جەماهیری وەتەنی) بڕیارمان دا و ڕێککەوتین لەسەر ئەوەی کە تاکە نوێنەرمان لە پەرلەمانی عێراق هەیبەت حەلبووسی بێت".
سەرۆکی هاوپەیمانیی سیادە باسی لەوە کرد، داوا لە برایانمان لە سەرکردەی حزبەکان دەکەین ڕەچاوی ئەم بڕیارە بکەن کە نوێنەرایەتیی زۆرینەی سوننە دەکات لە ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانیدا، ئەوەش لە پێناو تەواوکردنی شایستە دەستوورییەکان و هەنگاونان بەرەو پێکهێنانی حکوومەت.
لای خۆیەوە، هاوپەیمانیی عەزم دژی ئەو بڕیارە وەستایەوە و لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاند: موسەننا سامەڕایی، سەرۆکی هاوپەیمانێتییەکە تاکە کاندیدە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و هەر جۆرە دەنگۆیەکیش سەبارەت بە کشاندنەوەی ڕەت دەکاتەوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە، ئەنجوومەنی سیاسی نیشتمانیی سوننەکان، لە ماڵی خەمیس خەنجەر، سەرۆکی هاوپەیمانیی سیادە دوو کۆبوونەوەی ئەنجام دا.
کۆبوونەوەی یەکەم بەبێ ڕێککەوتن و ئەنجام کۆتایی هات، بەهۆی ئەوەی زۆرینەی نێو ئەنجوومەکە لەسەر کاندیدکردنی هەیبەت حەلبووسی کۆک بوون، بەڵام هاوپەیمانیی عەزمی لەسەر کاندیدکردنی موسسەنا سامەڕایی پێداگیر بوو.
دوا کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سیاسیی نیشتمانیی سوننەکان، بەبێ ئامادەبوونی سەرۆکی هاوپەیمانێتیی عەزم بەڕێوە چوو، زۆرینەی لانەکانی ئەنجوومەنەکە بڕیاری کاندیدکردنی هەیبەت حەلبووسیان بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق دا.
بڕیارە سبەی دووشەممە 29ـی کانوونی یەکەمی 2025، یەکەم کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانەکە بکرێت.
هەیبەت حەلبووسی کێیە؟
-لە دایکبووی 1980ـەیە
-یەکێکە لە دەستەی دامەزرێنەرانی حزبی تەقەدووم.
-هەڵگری بڕوانامەی ماستەرە لە زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی موستەنسەرییەی بەغدا.
-لە خولی چوارەم و پێنجەمی پەرلەمانی عێراق، سەرۆکی لیژنەی نەوت و گاز بووە.
