کەشناسی هەرێمی کوردستان هۆشداری دەدات
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: ئەمشەو پلەکانی گەرما زیاتر دادەبەزن و پێشبینی دەکرێت ڕۆژی پێنجشەممە شەپۆلێکی دیکە ڕوو لە ناوچەکە بکات.
فازڵ ئیبراهیم، بەڕێوەبەری گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ئەو پێشبینیانەی دەربارەی کەشو و هەوا هەبوو، دروست دەرچوون و بەفر بارین بەشی زۆری ناوچەکانی هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، هەروەها پێشبینی دەکرێت تاوەکوو کاتژمێر 9ـی ئەمشەو بەردەوامی هەبێت.
هەروەها ئاماژەی بەوە دا، پلەکانی گەرما زیاتر دادەبەزن، بەفر بارین نامێنێت و ڕۆژانی سێشەممە و چوارشەممە ئاسای دەبێت.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی بوومەلەرزەزانی باسی لەوەش کرد، پێشبینی دەکرێت ڕۆژی پێنجشەممە شەپۆلێکی دیکەی بەفر و باران ڕوو لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان بکات.
فازڵ ئیبراهیم، داوا لە هاووڵاتییان دەکات لە ماڵەکانیان بمێنەوە و هاوکاری تیمەکان بن.
لە ڕۆژی شەممەوە، شەپۆلێکی بەفر و باران ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان گرتەوە و ئەمڕۆ دووشەممە بەفر بارین گەیشتە سەنتەری پارێزگای هەولێر.
