پزیشکیان وەزیری ناوخۆ بۆ گفتوگۆ لەگەڵ نوێنەرانی ناڕازییان ڕادەسپێرێت
مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، وەزیری ناوخۆی حکوومەتەکەی ڕاسپاردووە لەگەڵ نوێنەرانی خۆپیشاندەران و ناڕازیی دەربڕاندا گفتوگۆ بکات و گوێ لە داخوازییەکانیان بگرێت.
سێشەممە، 30 کانوونی یەکەمی 2025، مەسعود پزیشکیان، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی 'ئێکس' پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی "گوزەرانی خەڵک خەمی ڕۆژانەی منە، بۆ چاکسازیی سیستەمی دارایی و پاراستنی توانایی خەڵک بۆ کڕینی پێداویستییەکان، هەنگاوی بنەڕەتیم لە کارنامەکەمدا هەیە."
سەرۆک کۆماری ئێران، هەروا نووسیویەتی "وەزیری ناوخۆم ڕاسپاردووە تاوەکوو لەگەڵ نوێنەرانی ناڕازییاندا گفتوگۆ بکات و گوێ لە داخوازییە ڕەواکانیان بگرێت، تاوەکوو حکوومەت بە هەموو توانایەکەوە بۆ چارەکردنی کێشەکانیان، هەنگاوی کردەیی بنێت."
دوێنێ دووشەممە، دوکاندارانی بازاڕی دراوی تاران و چەند پارێزگایەکی دیکەی ئێران، بەرانبەر بەرزبوونەوەی لە ڕادەبەدەری بەهای دراوە قورسەکان بەرانبەر تومەنی ئێران و گرانیی نرخی شتومەک، دوکانەکانیان داخست و دەستیان بە خۆپیشاندان کرد.
پێگەی 'ڕویداد24" بڵاوی کردووەتەوە، دوکاندارانی شەقامەکانی شووش و جمهوریی ئیسلامی، لالەزار و ئینقلاب و مەیدانی ئیمام خومەینیش تێکەڵ بە خۆپیشاندەران بوون و دروشمیان دژ بە حکوومەت و پزیشکانیان گوتووەتەوە و داوای مانگرتنی سەرتاسەرییان کردووە.
