ڕێباز حەملان: ئەوەی لە بەغدا ڕوویدا گەلەکۆمەکێ بوو دژی گەلی کوردستان
ڕێباز حەملان: پارتی تاکە بەرگریکارە لە مافەکانی هەرێم
ئەمڕۆ سێشممە، 30ـی کانوونی یەکەمی 2025، ڕێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکدا ڕەخنەی لەو لایەنە کوردییانە دەگرێت کە هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنە عێراقییەکان دەکەن دژی بەرژەوەندییەکانی هەرێم و ڕایدەگەیەنێت پارتی دیموکراتی کوردستان وەک هێزە سەرەکییەکە، تەنیا پارێزەری مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستانە.
ڕێباز حەملان ئاماژەی بەوە کرد؛ بۆ هەمووان ڕوون بووەتەوە ئەو حزبە بچووکانەی بە پارەی هەندێک لایەنی بەغدا و پشتیوانیی ناوخۆیی دروست کراون، وەک "بووکەڵە" بۆ لاوازکردنی هەرێمی کوردستان و سەپاندنی سیستەمی مەرکەزییەت بەکاردەهێنرێن. گوتیشی: "ئامانجی ئەم لایەنانە لێدان بوو لە کاندیدەکانی پارتی بۆ پۆستە باڵاکانی عێراق."
سەبارەت بە پێگەی پارتی لە بەغدا، حەملان جەختی کردەوە؛ هەموو لایەنە عێراقییەکان و وڵاتانی دراوسێش دەزانن تەنیا پارتی دیموکراتی کوردستانە کە بە توندی بەرگریی لە مافە دەستوورییەکان، شایستە داراییەکانی خەڵک و مافی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەکات.
ئاشکراشی کرد؛ شاندی پارتی بە ڕەسمی مەرجەکانی خۆیان بە "چوارچێوەی هەماهەنگی" گەیاندووە، کە دەبێت سەرجەم مافەکان بچەسپێنرێن.
دەربارەی ڕووداوەکانی شەوی ڕابردووی پەرلەمانی عێراق، ناوبراو گوتی: "ئەوەی ڕوویدا گەلە کۆمەکێی هەندێک لایەنی کوردی دەستەمۆ بوو کە دژایەتی پارتی دەکەن، ئەمەش ڕێک یەکسانە بە دژایەتیکردنی گەلی کوردستان و قەوارەی هەرێم."
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، ڕێباز حەملان ئاماژەی بە مێژووی خۆڕاگریی پارتی و ماڵباتی بارزانی کرد و ڕایگەیاند: "مێژوو سەلماندوویەتی کە پارتی، خوای گەورە و میللەت و چیاکانی کوردستانی لەپشتە. ئیرادەی پارتی ئیرادەی میللەتێکی مەزڵوومە و بە هیچ زاڵمێک نەشکاوە و ناشکێنرێت."
