ڕێکخراوی بەدر بۆ کوردستان24: پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان بۆ پارتی یەکلا دەبێتەوە
سەرکردەیەکی ڕێکخراوی بەدر جەخت دەکاتەوە، پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بۆ پارتی یەکلا دەبێتەوە.
ئەبو میساق مساری، سەرکردە لە ڕێکخراوی بەدر، بە کوردستان 24ـی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ سێشەممە، 30ـی کانوونی یەکەمی 2025، هەڵبژاردنی پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان، کۆتایی پێ دێت و پۆستەکە بۆ پارتی یەکلا دەبێتەوە.
مساری گوتیشی: ناتوانرێت کۆبوونەوەکە بەم شێوەیە بەردەوام بێت، ئەنجوومەنی دادوەری و دادگای فیدراڵی چاودێری پرسیارەکە دەکەن تا پرۆسەی پێکهێنانی حکوومەت بە خێرایی بڕوات.
بە گوتەی ئەو سەرکردەیەی ڕێکخراوی بەدر "زۆرینەی هێزە شیعییەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی دەیانەوێت پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان بۆ ئەو لایەنە بێت لەناو پێکهاتەکاندا زۆرینەیە، هەروەک چۆن پۆستەکانی دیکە یەکلا کرانەوە."
بڕیارە کاتژمێری 02:00ـی نیوەرۆی ئەمڕۆ سیشەممە، دانیشتنی کراوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ گەڕی سێیەمی هەڵبژاردنی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان بەڕێوە بچێت.
ئێوارەی دوێنێ دووشەممە، 09ـی کانوونی یەکەمی 2025، پەرلەمان هەیبەت حەلبووسی بە سەرۆکی نوێ و عەدنان فەیحانی بە جێگری یەکەمی سەرۆک هەڵبژارد.
لە پرۆسەی هەڵبژاردنی جێگری دووەمدا، دوو گەڕی دەنگدان ئەنجامدرا. کێبڕکێی سەرەکی لەنێوان شاخەوان عەبدوڵڵا، کاندیدی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان و ڕێبوار کەریم، کاندیدی بەرەی هەڵوێست بوو. هیچ کام لە کاندیدەکان نەیانتوانی زۆرینەی دەنگی پێویست (166 دەنگ) بەدەستبهێنن. بەهۆی ئەمەوە دانیشتنەکە بۆ دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ بە کراوەیی مایەوە.
