چین و کۆریای باشوور هەوڵی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیان دەدەن
دوای حەوت ساڵ، سەرۆکی کۆریای باشوور، لەسەر بانگهێشتی فەرمی سەرۆکی چین، هەفتەی داهاتوو بە سەردانێکی دوو ڕۆژە، گەشتێکی بەیژینگ دەکات.
بەگوێرەی زانیارییەکانی نووسینگەی سەرۆکی کۆریای باشوور، لی جای میۆنگ سەرۆکی کۆریای باشوور لە بەیژینگ لەگەڵ شی جیگ پینگ ئامادەی ئێوارە خوانێکی فەرمی دەبێت، ئامانجی سەرەکی سەردانەکەش ئاساییکردنەوەی پەیوەندیی نێوان هەردوو وڵاتە، کە چەند ساڵێکە ساردیی تێکەوتووە.
بە گوێرەی میدیاکان، هەردوو سەرۆک وڵاتەکە هەوڵدەدەن هەماهەنگییەکانیان لە بوارەکانی وەبەرهێنان، ئابووریی دیجیتاڵی، بەرەنگاربوونەوەی تاوانە نێودەوڵەتییەکان و پاراستنی ژینگە قووڵتر بکەنەوە.
دوای کۆبوونەوەکانی بەیژینگ، بڕیارە سەرۆکی کۆریای باشوور بۆ دوو ڕۆژ سەردانی شاری شهنگەهای بکات، کە بە ناوەندێکی گرنگی ئابووری و بازرگانی چین دادەنرێت.
ئەم هەنگاوەی لی جای میۆنگ بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان دێت، دوای چەند ساڵێک لە گرژی و ئاڵۆزی لە سەردەمی یوون سووک یۆل، سەرۆکی پێشووی وڵاتەکە.
سیۆل چەندین دەیەیە هەوڵدەدات هاوسەنگییەکی ورد لە نێوان چینی گەورە هاوبەشی بازرگانی و ئەمەریکای گەورەترین هاوپەیمانیی سەربازی ڕابگرێت.
پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە ساڵی 2016ـەوە ڕووی لە تێکچوون کردەوە، ئەوەش دوای ئەوەی سیۆل ڕەزامەندی لەسەر جێگیرکردنی سیستەمی بەرگریی مووشەکی "تاد"ی ئەمەریکی دا. چینیش لە بەرانبەردا زنجیرەیەک سزای ئابووری و گەشتیاری بەسەر کۆریای باشووردا سەپاند.
جیا لەوەش، هەندێک ناکۆکی کولتووری لەسەر ڕەچەڵەکی خواردنە میللییەکان، کاریگەری نەرێنی لەسەر ڕای گشتی هەردوولا دروستکردبوو.
دۆسیەی کۆریای باکوور تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان دەبێت. لی جای میۆنگ پێیوایە سەرۆکی چین دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ لە هەوڵەکانی ئاشتەوایی لەگەڵ پیۆنگیانگ بگێڕێت. لەو بارەیەوە، لی جای-مۆک، پسپۆڕی زانستە سیاسییەکان دەڵێت: "هێشتا چاوەڕوانییەک هەیە کە چین بتوانێت ببێتە کەناڵێک بۆ کردنەوەی دەرگای گفتوگۆ لەگەڵ کۆریای باکوور."
سەرۆکی کۆریای باشوور هەوڵدەدات لە بابەتە هەستیارەکاندا خۆی لە تووڕەکردنی بەیژین بەدوور بگرێت. لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا لە کێشە و ململانێکانی نێوان ژاپۆن و چین لایەنگری ژاپۆن دەکات، ڕایگەیاند: "لایەنگری هەر لایەنێک تەنیا دەبێتە هۆی بەرەوپێشبردنی گرژییەکان لە ناوچەکەدا."
