ئاڵوگۆڕی بازرگانی و جووڵەی گەشتیاریی لە دەروازەی حاجی ئۆمەران دەستی پێکردەوە
دەروازەی سنووری حاجی ئۆمەران دوای ئەوەی دوێنێ دووشەممە، بە هۆی بەفربارینەوە لەبەردەم جووڵەی بازرگانی و گەشتیاریی داخرا، کەمێک لەمەوبەر لە ئاڵوگۆڕی بازرگانی و هاتوچۆی گەشتیاری لە دەروازەکە لەنێوان هەرێمی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ئاسایی کرایەوە.
هێمن مستەفا بەڕێوەبەری گومرگ و سەرپەرشتیاریی دەروازەی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەران بەوەکالەت بەکوردستان24ی ڕاگەیاند، بەهۆی زۆری بەفربارین و دروستبوونی بەستەڵەک لەدیوی ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە، ئاڵوگۆڕیی بازرگانی بەتەواوی وەستا و لایەنی گەشتیاریش ئاستەنگی بۆ دروست بوو، بەڵام ئەمڕۆ سێشەممە 30ی کانوونی یەکەمی 2025، ڕێگاکانی دیوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بەفر ڕاماڵدران و جووڵەی بازرگانی و گەشتیاریی بەشێوەیەکی ئاسایی لە دەروازەی نێودەڵەتی حاجی ئۆمەران و تەمەرچین دەستیپێکردەوە.
دوێنێ دووشەممە، بە هۆی خراپی کەشوهەوا و بارینی بەفرێکی زۆر و بەستن و شەختەی ڕێگەکان، لە لایەن دەروازەی ( تەمەرچینی ئێرانەوە) ئاگاداری ئیدارەی دەروازەی نێودەوڵەتیی حاجی ئۆمەران کرایەوە، کە بە هیچ شێوەیەک هاتوچۆی گەشتیاری لە دیوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان نەماوە و تەواوی تەواوی ڕێگەکان داخراون.
