ڕیزبەندیی وڵاتان بۆ پێشوازی لە ساڵی نوێ؛ کێ لە پێش هەمووانەوەیە؟
لە دوورگە دوورەدەستەکانی زەریای هێمنەوە تا دەگاتە گۆڕەپانە قەرەباڵغەکانی ئەمەریکا، جیهان بۆ ماوەی 26 کاتژمێر لە دۆخی ئاهەنگگێڕاندا دەمێنێتەوە. بەپێی جیاوازیی هێڵەکانی کات، پێشوازی لە ساڵی نوێ لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی دیکە دەگۆڕێت، بە جۆرێک هەندێک وڵات مۆمی ساڵی نوێ دادەگیرسێنن، لە کاتێکدا لە هەندێک وڵاتی دیکە هێشتا لە تاریکیی ساڵی کۆندا دەژین.
هاوکات لەگەڵ لێدانی زەنگەکانی نیوەشەو، گۆی زەوی دەست بە گەشتێکی کاتیی ناوازە دەکات، ئەم گەشتە کە نزیکەی 26 کاتژمێر دەخایەنێت، ملیارەها مرۆڤ لە سەرتاسەری جیهان کۆدەکاتەوە بۆ پێشوازیکردن لە ساڵێکی نوێ، بەڵام بە کات و ساتەوەختی جیاواز. بە پێی جیاوازیی ناوچە کاتییەکان، وڵاتان یەک لە دوای یەک ماڵئاوایی لە ساڵی 2025 دەکەن و دەرگا بۆ ساڵی نوێ دەخەنە سەر پشت.
ڕیزبەندیی کاتی هاتنی ساڵی نوێ بۆ وڵاتانی جیهان
کیریباتی؛ یەکەم تیشکی ساڵی نوێ
بەپێی سیستەمی کاتی جیهانی، دوورگەکانی "لاین"ی سەر بە کۆماری کیریباتی، بە تایبەتی دوورگەی "کیریتیماتسی" (کە بە دوورگەی کریسمس ناسراوە)، پێشەنگی ئەو ناوچە ئاوەدانانەن کە پێ دەنێنە ساڵی نوێوە. ئەم دوورگانە کە دەکەونە ناوچەی کاتی (UTC+14)، هەرچەندە ئاهەنگەکانیان هێمن و ڕەمزییە، بەڵام وەک "یەکەم وێستگەی زەمەنی" لە جیهاندا، جێگەی سەرنجی میدیا جیهانییەکانن.
نیوزلەندا؛ ئاهەنگی قەرەباڵغ و دەنگبەرز لە ئۆکلاند
ڕاستەوخۆ دوای کیریباتی، نیوزلەندا دەبێتە دووەم وێستگە، بە جۆرێک سەرەتا دوورگەکانی "چاتام" و پاشان شاری ئۆکلاند بە نمایشێکی ناوازەی یارییە ئاگرینییەکان لە بورجی "سکای تاوەر"ەوە ئاسمانی باشووری زەوی ڕووناک دەکەنەوە.
ئوستراڵیا؛ سیدنی لە پێشەوەیە
ئوستراڵیا، کیشوەرێک کە هەمیشە لە ڕیزبەندیی وڵاتە گەورەکاندایە بۆ پێشوازیکردن لە ساڵی نوێ. بەندەری سیدنی و شاری مێلبۆرن بە یەکێک لە گەورەترین و بەناوبانگترین نمایشە ئاگرینییەکانی جیهان ناسراون، کە ساڵانە ملیۆنان بینەر لە ڕێگەی شاشەکانەوە تەماشای دەکەن.
ڕۆژهەڵاتی ئاسیا: ژاپۆن و کۆریای باشوور
کاتێک کاروانی ساڵی نوێ دەگاتە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، شێوازی ئاهەنگەکان ڕەنگێکی ڕۆحی و کولتووری وەردەگرن. لە ژاپۆن و کۆریای باشوور، لێدانی زەنگی پەرستگا بوودییەکان (108 جار لە ژاپۆن) دەبێتە سیمبووڵی پاکبوونەوە لە گوناح و دەستپێکردنەوە.
باشووری ئاسیا و باشووری ڕۆژهەڵاتی کیشوەرەکە
لە لایەکی دیکەوە، باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا (چین، سەنگاپوورە، تایلەند و ئیندۆنیزیا) و باشووری ئاسیا (هیندستان، پاکستان و بەنگلادیش)، تێکەڵەیەک لە ئاهەنگی جەماوەریی مۆدێرن و کۆبوونەوەی خێزانی ساز دەکەن، کە تێیدا ڕووناکی و مۆسیقا ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕن.
ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست؛ لە نێوان ئاهەنگگێڕان و هێمنیدا
وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە دوای یەکدا دەچنە ناو ساڵی نوێوە، وەک میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەبی (ئیماڕات) کە بە نمایشی یارییە ئاگرینییەکانی بورجی خەلیفە لە دوبەی بەناوبانگە، لەکاتێکدا ئاهەنگەکان لە وڵاتانی دیکەدا زیاتر شێوازێکی هێمن یان خێزانییان هەیە، بە جیاوازیی دابوونەریتەکانەوە.
ئەورووپا؛ شەوێکی درێژ و قەرەباڵغ
ئەورووپا درەنگتر پێشوازی لە ساڵی نوێ دەکات و شارەکانی وەک پاریس، بەرلین، لەندەن و ڕۆما وەک ناوەندی سەرەکیی ئاهەنگەکان دەردەکەون، کە تێیدا گۆڕەپانە گشتییەکان پڕ دەبن لە هەزاران کەس و ئاهەنگ و نمایشی مۆسیقی تا بەرەبەیان بەردەوام دەبێت.
هەردوو ئەمەریکا؛ ئاهەنگگێڕان تا بەرەبەیان
لە ئەمەریکای باشوور، وڵاتانی وەک بەڕازیل و ئەرجەنتین لەسەر کەناراوەکان و گۆڕەپانەکان ئاهەنگ دەگێڕن، لە باکووریش، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و کەنەدا بە تایبەت لە گۆڕەپانی "تایمز سکوەیر" لە نیویۆرک، بە دابەزینی تۆپە کریستاڵییەکە، گەرمترین ساتەکانی ساڵی نوێ تۆمار دەکەن.
کۆتا شوێن کە پێشوازی لە ساڵی نوێ دەکات
ساموای ئەمەریکی بە یەکێک لە کۆتا ناوچە ئاوەدانەکان دادەنرێت کە دەچێتە ناو ساڵی نوێوە، پێش ئەوەی پەردە لەسەر کاتەکە دابدرێتەوە لە دوورگەکانی "بەیکەر" و "هاولاند"، کە سەر بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکان و بە کۆتا خاڵی سەر ڕووی زەوی دادەنرێن کە پێ دەنێنە ساڵی نوێوە.
سەری ساڵی نوێ
سەری ساڵی نوێی زایینی بریتییە لە یەکەم ڕۆژی ساڵ بەپێی ڕۆژژمێری گریگۆری، کە دەکەوێتە 1ـی کانوونی دووەمی هەموو ساڵێک.
ئەم ڕۆژە وەک بۆنەیەکی جیهانی بۆ ئاهەنگگێڕان بە بۆنەی ماڵئاوایی لە ساڵی ڕابردوو و دەستپێکردنی ساڵێکی نوێ دیاریی کراوە.
