عێراق گەورەترین هاوردەکاری برنجی تایلەندییە
بەگوێرەی نوێترین ڕاپۆرتی وەزارەتی بازرگانی دەرەوەی تایلەند، عێراق لە ماوەی 11 مانگی یەکەمی ساڵی 2025دا، توانیویەتی پلەی یەکەم لە هاوردەکردنی برنجی تایلەندی بەدەستبهێنێت.
بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە عێراق دوای ئەوەی 95 هەزار تۆن برنجی لەو وڵاتە کڕیوە و بووەتە سەرەکیترین بازاڕی هاوردەکار. ئارادا فۆانگتۆنگ، بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتەکە، ئاماژەی بەوە کردووە؛ پێشبینی دەکرێت کۆی هەناردەی برنجی تایلەند بۆ ئەمساڵ بگاتە نێوان 7.8 بۆ 8 ملیۆن تۆن، ئەمەش تێپەڕاندنی ئەو ئامانجانەیە کە پێشتر دیاریکرابوون، ئەم زیادبوونەشی بۆ بەرزبوونەوەی خواست لە مانگەکانی کۆتایی ساڵ و زۆریی بەرهەمی دروێنە گەڕاندەوە.
لە لایەکی دیکەوە، فۆانگتۆنگ تیشکی خستە سەر دۆخی بازاڕی جیهانی و ڕایگەیاند؛ بازاڕی برنج هێشتا ڕووبەڕووی فشاری زۆری دابینکردن دەبێتەوە، بەتایبەتی دوای ئەوەی وڵاتی هیندستان بڕێکی زۆر لە کۆگاکانی خۆی گلداوەتەوە و ئەمەش کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر نرخە جیهانییەکان هەبووە.
هەرچەندە عێراق لە پێشەنگی وڵاتانی هاوردەکار دایە، بەڵام ئامارەکان دەری دەخەن، هەناردەی گشتیی برنجی تایلەند لە مانگی یەک تا تشرینی دووەمی 2025 بە ڕێژەی سەدا21 کەمی کردووە و کۆی گشتییەکەی گەیشتووەتە 7.29 ملیۆن تۆن، هاوکات بەهای هەناردەکردنیش بە ڕێژەی سەدا 30 دابەزیوە و بڕی 4.162 ملیار دۆلاری تۆمار کردووە.
سەبارەت بە ڕیزبەندی وڵاتانی هاوردەکار دوای عێراق، ئەفریقای باشوور بە 82 هەزار تۆن لە پلەی دووەمدا دێت، پاشان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە 73 هەزار تۆن و وڵاتی چین بە 60 هەزار تۆن لە پلەکانی سێیەم و چوارەم جێگیر بوون، لە کاتێکدا وڵاتی سەنیگال بە هاوردەکردنی 29 هەزار تۆن برنج لە پلەی پێنجەمی بازاڕەکانی هەناردەکردنی تایلەنددا دەبینرێت.
