ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ تاوتوێکردنی پرسی دەستگیرکردنی مادۆرۆ کۆدەبێتەوە
ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو، کۆبوونەوەیەکی بە پەلە لەسەر پرسی دەستگیرکردنی سەرۆکی ڤەنزوێلا ئەنجام دەدات.
شەممە، 3ـی کانوونی دووەمی 2026، نوێنەری ڕووسیا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، ئەنجوومەنەکە لەسەر داوای ڕووسیا، ڕۆژی دووشەممەی داهاتوو 5ـی کانوونی دووەم، بۆ مەبەستی تاوتوێکردنی دۆخی ڤەنزوێلا و پرسی دەستگیرکردنی مادۆرۆ لە لایەن ئەمەریکاوە، کۆبوونەوەیەکی بە پەلە ئەنجام دەدات.
نوێنەری ڕووسیا لە ئەنجوومەنەکە، هێرشەکەی ئەمەریکای بۆ سەر ڤەنزوێلا بە دەستدرێژییەکی قبووڵنەکراوە پێناسە کردووە، هەروەها دەستگیرکردنی مادۆرۆشی بە ڕفاندن پێناسە کردووە.
بەکارهێنانی زاراوەکانی 'دەستدرێژی' و 'ڕفاندن' لە لایەن مۆسکۆوە، ئاماژەیە بۆ هەڵوێستی توندی ڕووسیا بەرانبەر بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی ئەمەریکا و پێشبینی دەکرێت کۆبوونەوەکەی ڕۆژی دووشەممە گرژیی دیپلۆماسیی توندی لێ بکەوێتەوە.
ئەمڕۆ شەممە بە فەرمانی راستەوخۆی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا هێزە تایبەتەکانی ئەو وڵاتە بە پاڵپشتیی فڕۆکەی جەنگی و هێلیکۆپتەر، بە چڕی پایتەختی ڤەنزوێلایان بۆردومان کرد هەورەها ئۆپەراسیۆنێکی کتوپڕیان بۆ سەر شوێنی مانەوەی نیکۆلاس مادۆرۆ ئەنجام دا و توانییان خۆی و خێزانەکەی دەستگیر بکەن.
