تورکیا: ئامادەین ڕۆڵی بونیاتنەر بۆ چارەی قەیرانی ڤەنزوێلا بگێڕین
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە ڕاگەیەنراوێکدا، هەڵوێستی فەرمیی وڵاتەکەی لە بارەی ڕووداوەکان و پێشهاتەکانی ئەم دواییەی ڤەنزوێلا ڕاگەیاند و جەختی لەوە کردەوە کە بە وردی چاودێریی دۆخەکە دەکەن.
شەممە، 3ـی کانوونی دووەمی 2026، وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، ئەنقەرە گرنگییەکی زۆر بە سەقامگیریی ڤەنزوێلا و سەلامەتی و خۆشگوزەرانیی گەلی ئەو وڵاتە دەدات. لەم سۆنگەیەوە، داوای لە سەرجەم لایەنەکان کردووە "دان بە خۆیاندا بگرن"، بە شێوەیەک کە گەرەنتیی ئەوە بکات دۆخی ئێستا کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئاسایشی ناوچەیی و نێودەوڵەتی دروست نەکات.
هەروەها وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، هۆشداری داوە لە پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکان و جەختی لە گرنگیی خۆبەدوورگرتن لە هەر هەنگاوێک کردووەتەوە کە ببێتە هۆی هەڵکشانی گرژییەکان.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەنراوەکەدا، ئەنقەرە ئامادەیی خۆی نیشانداوە بۆ پێشکەشکردنی هەر جۆرە هاوکارییەکی بونیاتنەر لە پێناو دۆزینەوەی چارەیەک بۆ قەیرانەکەی ڤەنزوێلا، ئەوەش لە چوارچێوەی یاسای نێودەوڵەتی و گفتوگۆی ئاشتییانەدا.
سەبارەت بە دۆخی هاووڵاتییانی تورکیا لەو وڵاتە، وەزارەتەکە ڕوونی کردووەتەوە، کە باڵیۆزخانەی تورکیا لە کاراکاس لەم قۆناغەدا لە پەیوەندی و هەماهەنگیی بەردەوام دایە لەگەڵ هاووڵاتییانی تورکیا کە لە ڤەنزوێلا نیشتەجێن، ئەوەش لە پێناو پاراستنی سەلامەتییان و ئاگاداربوون لە دۆخیان.
پەیوەندیی تورکیا و ڤەنزوێلا
پەیوەندیی نێوان ڕەجەب تەییب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا و نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی دەستگیرکراوی ڤەنزوێلا، تەنیا پەیوەندییەکی دیپلۆماسیی ئاسایی نێوان دوو وڵات نەبوو، بەڵکو پەیوەندییەکی کەسی زۆر بەهێز و ستراتیژییە کە لەسەر بنەمای "بەرژەوەندیی ئابووری بونیاد نرابوو.
خاڵی وەرچەرخان لە پەیوەندییەکەیاندا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2016، کاتێک لە تورکیا هەوڵی کودەتا درا، مادۆرۆ یەکێک بوو لە یەکەمین سەرۆکەکانی جیهان کە پەیوەندی بە ئەردۆغانەوە کرد و پشتیوانیی خۆی بۆ دەربڕی. ئەردۆغان ئەمەی لەبیر نەکرد و لە ساڵی 2019 کاتێک ئەمەریکا و ڕۆژئاوا پشتیوانییان لە (خوان گوایدۆ) کرد وەک سەرۆکی ڤەنزوێلا، ئەردۆغان بە توندی لە پشت مادۆرۆ وەستایەوە و ڕستە بەناوبانگەکەی گوت :"براکەم مادۆرۆ خۆڕاگر بە، ئێمە لەگەڵتین".
دەستگیرکردنی مادۆرۆ
ئەمڕۆ شەممە بە فەرمانی راستەوخۆی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، هێزە تایبەتەکانی ئەو وڵاتە بە پاڵپشتیی فڕۆکەی جەنگی و هێلیکۆپتەر، بە چڕی پایتەختی ڤەنزوێلایان بۆردومان کرد، هەروەها ئۆپەراسیۆنێکی کتوپڕیان بۆ سەر شوێنی مانەوەی نیکۆلاس مادۆرۆ ئەنجام دا و توانییان خۆی و خێزانەکەی دەستگیر بکەن.
