ئهنجوومهنی باڵای دادوهری عێراق: دهستوهردان له دیاریکردنی كاندیدی سهرۆك وەزیران ناکەین
ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق لە ڕاگەیەنراوێکدا دووپاتی دەکاتەوە، دەستوەردان لە پرسی کاندیدکردنی هیچ کەسایەتییەکی سیاسی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران ناکات.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، ئەو بابەتە بە هیچ شێوەیەک لە چوارچێوەی دەسەڵات و تایبەتمەندییەکانی ئەنجوومەنەکەدا نییە.
ئەنجوومەنەکە هۆشدارییەکی توندیش دەدات و ڕایدەگەیەنێت، ڕێکاری یاسایی توند بەرامبەر ئەو لایەن و کەسایەتییانە دەگرێتەبەر، ناوی دەسەڵاتی دادوەری تێکەڵ بە کێبڕکێی سیاسی بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆک وەزیران دەکەن.
ئاماژە بەوەش کراوە، لەگەڵ دەستپێکردنی وادەی دەستووری بۆ هەڵبژاردنی کاندیدێک بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران، تێبینی کراوە هەندێک لایەنی سیاسی و کەسایەتیی کێبڕکێکار، ناوی سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری بۆ پەسەندکردن یان پاڵپشتیی کاندیدەکانیان بەکاردەهێنن. ئەنجوومەنەکە ئەم هەوڵانە بە ئامانجی زیانگەیاندن بە ناوبانگی دەسەڵاتی دادوەری لەقەڵەم دەدات، لەڕێگەی بڵاوکردنەوەی زانیاریی ناڕاستەوە.
ئەنجوومەنی باڵای دادوەری بیریهێنایەوە، پێشتریش لە ڕاگەیەندراوی ڕۆژی 27ی مانگی 11ی ساڵی ڕابردوودا جەختی کردبووەوە، بەهیچ شێوەیەک دەست لە کاروباری کاندیدی سەرۆک وەزیران وەرنادات.
ئەم هۆشدارییەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لە کاتێکدایە، ململانێی لایەنە سیاسییەکانی عێراق بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێ و دیاریکردنی سەرۆک وەزیران چڕبووەتەوە. بەپێی دەستووری عێراق، دوای پەسەندکردنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکان لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵییەوە، سەرۆک کۆمار کاندیدی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی بۆ پێکهێنانی حکوومەت ڕادەسپێرێت.
پرۆسەی دیاریکردنی سەرۆک وەزیران لە عێراقدا هەمیشە ئاڵۆز بووە و زۆرجار چەندین مانگی خایاندووە، ئەمەش بەهۆی ناکۆکیی قووڵی نێوان لایەنەکان لەسەر پشکداری لە حکوومەت و کەسایەتیی کاندیدەکە. لەم نێوەندەدا، هەندێک جار لایەنەکان هەوڵ دەدەن ناوی دامەزراوەی گرنگی وەک دەسەڵاتی دادوەری بۆ بەرژەوەندیی سیاسیی خۆیان بەکاربهێنن، کارێک کە ئەنجوومەنەکە بە توندی ڕەتی دەکاتەوە.
