ماکرۆن: گەلی ڤەنزوێلا لە دیکتاتۆری ڕزگاری بوو

سەرۆکی فەرەنسا، لە یەکەم کاردانەوەیدا بەرانبەر گۆڕانکارییەکانی ڤەنزوێلا، پشتیوانیی خۆی بۆ کۆتاییهاتنی دەسەڵاتی مادورۆ ڕاگەیاند و داوای کرد دەسەڵات ڕادەستی براوەی هەڵبژاردنەکانی 2024 بکرێت.

شەممە 3ـی کانوونی دووەمی 2026، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نووسیویەتی: گەلی ڤەنزوێلا ئەمڕۆ لە دیکتاتۆرییەکەی نیکۆلاس مادورۆ ڕزگاری بوو.

سەرۆکی فەرەنسا مادورۆی بە دەستبەسەرداگرتنی دەسەڵات و پێشێلکردنی ئازادییە بنەڕەتییەکان تۆمەتبار کرد و دەڵێت: لێدانێکی کوشندەی لە شکۆی گەلەکەی خۆی داوە.

بە پێچەوانەی لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، کە باسی لەوە دەکرد خۆیان وڵاتەکە بەڕێوە دەبەن یان پشت بە جێگرەکەی مادورۆ دەبەستن، ماکرۆن داوای گەڕانەوە بۆ شەرعییەت دەکات و باسی لەوەکرد، پێویستە قۆناغی گواستنەوە ئاشتیانە و دیموکراتی بێت و ڕێز لە ئیرادەی گەلی ڤەنزوێلا بگرێت. هیواخوازین ئیدمۆند گۆنزالێز ئۆروتیا، کە لە ساڵی 2024 هەڵبژێردراوە، بتوانێت لە زووترین کاتدا سەرپەرشتی ئەم گواستنەوەیە بکات.

ماکرۆن ئاماژەی بەوەش داوە ئێستا لە گفتوگۆدایە لەگەڵ هاوبەشەکانی و دەڵێت: فەرەنسا لە ئامادەباشی تەواودایە و چاودێری دۆخەکە دەکات، بەتایبەتی بۆ دڵنیابوون لە سەلامەتیی هاووڵاتییانی لەم ساتە پڕ لە گومانانەدا.

هەر ئەمڕۆ وەزارەتی دەرەوەی فەرەنسا لە ڕاگەیەندراوێکدا فەرمیدا هەڵوێستی توندی خۆی دژی ئۆپەراسیۆنەکەی ئەمەریکا ڕاگەیاند و دەستگیرکردنی نیکۆلاس مادورۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلای بە "پێشێلکاری زەق"ی یاسای نێودەوڵەتی و سەروەری ئەو وڵاتە وەسف کرد. جەخت کردەوە نابێت هیچ ئەجێندایەکی دەرەکی بەسەر ئیرادەی ڤەنزوێلادا بسەپێنرێت، بەڵکوو دەبێت خەڵکەکەی بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆیان بدەن.

ئەمڕۆ شەممە بە فەرمانی راستەوخۆی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هێزە تایبەتەکانی ئەو وڵاتە بە پاڵپشتیی فڕۆکەی جەنگی و هەلیکۆپتەر، ئۆپەراسیۆنێکی کتوپڕیان بۆ سەر شوێنی مانەوەی نیکۆلاس مادورۆ لە ڤەنزوێلا ئەنجام دا و توانییان خۆی و خێزانەکەی دەستگیر بکەن.