عێراق و یونامی قۆناغێکی نوێی هاوبەشیی گەشەپێدان دەست پێدەکەن
یونامی بە فەرمی تەواوی بارەگاکانی لە عێراق ڕادەستی حکوومەتی وڵاتەکە کردەوە
لاپەڕەی 23 ساڵەی ئەرکی نوێنەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان (یونامی) لە عێراق داخرا. وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند کە تەواوی بارەگا و دامەزراوەکانی یونامییان وەرگرتووەتەوە و لەمەودوا پەیوەندییەکانی ئەو وڵاتە و نەتەوە یەکگرتووەکان پێ دەنێتە قۆناغێکی نوێوە کە بە قۆناغی "هاوبەشیی گەشەپێدان" ناسێنراوە، دوور لە ئەرکە سیاسییەکانی ڕابردوو.
لە چوارچێوەی بڕیاری حکوومەتی عێراق بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی نوێنەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاریی عێراق (یونامی) و، پاڵپشت بە بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کە وادەی 31ـی کانوونی یەکەمی 2025ـی وەک دوا وادە بۆ کۆتاییهاتنی کارەکانیان دیاری کردبوو، ئەمڕۆ شەممە 3ـی کانوونی دووەمی 2026، وەزارەتی دەرەوەی عێراق، وەرگرتنەوەی تەواویی بارەگانی یونامی لە وڵاتەکە ڕاگەیاند.
وەزارەتەکە لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، محەممەد حسێن، بریکاری وەزارەتی دەرەوە و سەرۆکی لیژنەی باڵای وەرگرتنەوەی بارەگاکانی یونامی لە سەرتاسەری وڵات، لەگەڵ کلاودیۆ کۆردۆنی، جێگری نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، پڕۆتۆکۆڵی وەرگرتنەوەی کۆمەڵگەی یەکگرتووی نەتەوە یەکگرتووەکانیان لە بەغدا واژۆ کرد.
بە پێی ڕاگەیەنراوەکە، بریکاری وەزارەتی دەرەوەی عێراق ستایشی ئەو هەوڵانەی کرد کە یونامی لە ماوەی دوو دەیەی ڕابردوو خستبووەیە گەڕ، هەروەها ئاستی هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوەکە بەرز نرخاند.
لە کۆتاییدا محەممەد حسێن و کلاودیۆ کۆردۆنی، جەختیان لەوە کردەوە کە کۆتاییهێنان بە کاری یونامی مانای کۆتاییهاتنی هاوکارییەکانی نێوان عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکان نییە، بەڵکو دەستپێکی قۆناغێکی نوێیە لە "هاوبەشیی گەشەپێدان" کە لەلایەن تیمی نیشتمانیی نەتەوە یەکگرتووەکانـەوە سەرپەرشتی دەکرێت.
ئەمەش لە کاتێکدایە پێنجشەممە، 1ـی کانوونی دووەمی 2026، تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕوونی کردبووەوە، کە سەرەڕای کۆتاییهاتنی ئەرکی یونامی لە عێراق، بەڵام تیمی نهتهوه يهكگرتووهكان بە هاوبەشیی لەگەڵ حکوومەتی عێراق، بۆ کارکردن لەسەر ڕێککەوتنی پشتیوانیکردن لە گەشەپێدانی درێژخایەن، کە لە 25ـی کانوونی یەکەمی ساڵی ڕابردووەوە واژۆکرا، بەردەوامە.
هۆی دامەزراندنی یونامی لە عێراق
نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ھاوکاریی عێراق، ناسراو بە "یونامی" (UNAMI)، ئەرکێکی سیاسیی نەتەوە یەکگرتووەکانە کە لە 14ـی ئابی 2003 بە پێی بڕیاری ژمارە 1500ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و لەسەر داوای حکوومەتی عێراق دامەزرا. ئامانجی سەرەکیی یونامی پشتیوانیکردنی ھەوڵەکانی حکوومەت و گەلی عێراق بووە بۆ ئاوەدانکردنەوە و بنیاتنانی وڵات.
کۆتاییهاتنی ئەرکی یونامی لە عێراق
لە مانگی ئایاری 2024، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە نامەیەکدا بۆ سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای کرد کە ئەرکی یونامی لە عێراق کۆتایی پێ بھێنرێت. حکوومەتی عێراق ھۆکاری ئەم داواکارییەی گەڕاندەوە بۆ ئەو "سەقامگیرییە سیاسی و ئەمنییەی" کە لە وڵاتدا بەدی ھاتووە و پێی وابوو چیتر پێویست بە مانەوەی ئەرکێکی سیاسی لەم شێوەیە ناکات.
لەسەر بنەمای ئەم داواکارییە، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە 31ـی ئایاری 2024 بە کۆی دەنگ بڕیاری ژمارە 2732ـی پەسەند کرد، کە بە پێی ئەرکی یونامی بۆ ماوەی کۆتایی تا 31ـی کانوونی یەکەمی 2025 درێژکرایەوە و دوای ئەو ڕێکەوتە سەرجەم کار و چالاکییەکانی ڕادەگیرێت.
