جێگری سەرۆکی ڤەنزوێلا: ملکەچی ئەمەریکا نابین

دێلسی ڕۆدریگێز، جێگری سەرۆکی ڤەنزوێلا، لە یەکەم دەرکەوتنی دوای هێرشەکەی ئەمەریکا، بە توندی ئەو دەنگۆیانەی ڕەتکردەوە کە گوایە ملکەچی ئیدارەی ترەمپ بووە و هۆشداری دا کە ئامادەن جەنگ بکەن لەپێناو پاراستنی نەوت و سامانی وڵاتەکەیان.

دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند کە ئەمەریکا بەنیازی بەڕێوەبردنی ڤەنزوێلا و دەستگرتنە بەسەر یەدەگە نەوتییە زەبەلاحەکەیدا، ڕۆدریگێز لە وتارێکی ڕاستەوخۆی تەلەفزیۆنیدا بە هەڕەشەوە وەڵامی دایەوە: ئێمە ئامادەین بۆ بەرگریکردن لە ڤەنزوێلا و بەرگریکردن لە سامانی سروشتیی وڵاتەکەمان.

ڕۆدریگێز، کە بەپێی دەستوور جێگرەوەی سەرۆکە، ئۆپەراسیۆنەکەی سوپای ئەمەریکای بە فڕاندن ناو برد و گوتی: داوای ئازادکردنی دەستبەجێی نیکۆلاس مادورۆ و سیلیا فلۆریسی هاوسەری دەکەین. تەنیا نیکۆلاس مادورۆ سەرۆکی ڤەنزوێلایە.

ڕۆدریگێز بە تەواوی ئەو قسەیەی ترەمپی ڕەتکردەوە کە گوتبووی جێگری سەرۆک سوێندی خواردووە و کارمان لەگەڵ دەکات و ڕایگەیاند: ڤەنزوێلا هەرگیز نابێتە داگیرکاری هیچ وڵاتێک. داواشی لە خەڵکی وڵاتەکەی کرد کە ئارام بن و یەکگرتوو بن لەپێناو بەرگریکردن لە نیشتمانەکەیان.

دێلسی ڕۆدریگێز بە تەنیا دەرنەکەوت، بەڵکوو هەریەک لە خۆرخێ ڕۆدریگێزی برای سەرۆکی پەرلەمان، دیۆسدادۆ کابیۆ وەزیری ناوخۆ و و وەزیرانی دەرەوە و بەرگری لە دەوری کۆببوونەوە، وەک پەیامێک کە حکوومەتی مادورۆ هێشتا کۆنترۆڵی ماوە و هەڵنەوەشاوەتەوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی لە بارەی هێرشەکەی سەر ڤەنزوێلا ڕایگەیاند، مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی ڕاسپاردووە بۆ ئەوەی کار لەگەڵ دێلسی ڕۆدریگێز جێگری سەرۆکی ئەو وڵاتە بکات. گوتی: جێگری دێلسی گوتین، ئێمە هەرچی ئێوە داوامان لێ بکەن، ئەوە دەکەین. بڕوامان وایە ئەو ئامادە دەبێت بۆ ئەوەی ڤەنزوێلا مەزن بکاتەوە.

ئەمڕۆ شەممە بە فەرمانی راستەوخۆی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هێزە تایبەتەکانی ئەو وڵاتە بە پاڵپشتیی فڕۆکەی جەنگی و هەلیکۆپتەر، ئۆپەراسیۆنێکی کتوپڕیان بۆ سەر شوێنی مانەوەی نیکۆلاس مادورۆ لە ڤەنزوێلا ئەنجام دا و توانییان خۆی و خێزانەکەی دەستگیر بکەن.

 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل