ڕۆژی جیهانیی برایل؛ داوای گرنگیدانی زیاتر بە زمانی نابینایان دەکرێت

هاوکات لەگەڵ ڕۆژی جیهانیی زمانی "برایل"، قوتابیانی پەیمانگەی ڕووناکی بۆ نابینایان جەخت لە گرنگیی ئەم زمانە دەکەنەوە بۆ فێربوون و تێکەڵبوون بە جیهانی خوێندەواری.

سیما، قوتابییەکی پۆلی هەشتی بنەڕەتییە لە پەیمانگەکە و چاوەکانی توانای بینینیان نییە، بەڵام پەنجەکانی بوونەتە چاوی ئەو. سیما بە کوردستان24ی گوت: زمانی برایل زۆر گرنگە بۆ نابینایان، لەو ڕێگەیەوە دەتوانین کتێب بخوێنینەوە و فێری نووسین و خوێندن بین، پێویستە کتێبەکانمان بەم زمانە بۆ چاپ بکرێت.

بەگوێرەی ئامارەکان، ئەمساڵ 76 قوتابی لە پەیمانگەی ڕووناکی بۆ نابینایان دەخوێنن. سیستمەکە بە جۆرێکە کە قوتابیان هاوشێوەی کەسانی ئاسایی، دوای دەرچوونیان لە پۆلی نۆی بنەڕەتی، دەچنە قۆناغی ئامادەیی.

لە چەند ساڵی ڕابردوودا بەهۆی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و ئامێری تایبەت بە برایل، بەشێک لە کتێبەکانی خوێندن بۆ ئەم قوتابییانە بە زمانی برایل چاپ کراون، هاوێڕ ئەردەلان، مامۆستای پەیمانگەکەش داوا دەکات وەک وانەیەکی هۆشیاری و فێرکاری گرنگی زیاتر بەم زمانە بدرێت لە ناوەندەکانی خوێندندا.

زمانی برایل، زمانێکی جیهانییە و تایبەتە بە کەسانی نابینا، کە بریتییە لە کۆمەڵێک خاڵی زەق لەسەر کاغەز یان ڕووتەخت و لە ڕێگەی بەکارهێنانی هەستی پەنجەکانەوە پیتەکان دەناسرێنەوە و دەخوێندرێنەوە.

 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل