بارەگای لایەنەکان و قایمقامیەت و ماڵی قایمقامی سەید سادق سووتێندران
چەند کەسێک لە خۆپیشاندانەکەی سەیدسادق برینداربوون
K24 – ھەولێر:
لە خۆپیشاندانی ئەمڕۆی شارۆچكەی سەیدسادق، گرژی و ئاڵۆزی درووستبوو. خۆپیشاندەران هێرشیان کردە سەر بارەگای لایەنەکان و بارەگای پارتی، یەکێتی، گۆڕان، یەکگرتوو و کۆمەڵی ئیسلامییان سووتاند. ههروهها ئاگریان له بینایهی قایمقامیەت، ماڵی قایمقام و بنکەی پۆلیسی سەیدسادقیان بهردا. بە گوتەی بەرپرسانی سنوورەكەش، خۆپیشاندەران دەستیان لە ھیچ شتێكی حكومی و حزبی نەپاراستووە و زیانێكی زۆری ماددیشیان بە بارەگا و شوێنە گشتییەكانی سەیدسادق گەیاندووە.
خۆپیشاندان لە نێو بازاڕی سەیدسادقەوە دەستیپێکرد، دواتر ئاراستەی خۆپیشاندانەکەیان بەرەو بارەگای لایەنە سیاسیەکان گۆڕی و دەستیان بە سووتاندن و ھێرشکردن بەچەك و بەرد بۆ نێو بارەگاکان كرد، سەرەتاش له بینایهی ناوچەی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە دەستیان پێكرد و زەرهر و زیانیکی زۆر بەر بارەگاکە کەوتووە و ھەمووی سووتێنراوە.
لە مەکۆی سەیدسادقی بزووتنەوەی گۆڕان، خۆپیشاندەران دەستیان لەھیچ جێگەیەك نەپاراستووە. مەڵبەند احمد، بەرپرسی مەکۆی ئهو بزووتنهوهیهش گوتی: "زیانی 50 ھەزار دۆلار بەر مەکۆکەمان کەوتووە".
بارەگای ھەریەك لە پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتی نیشتیمانی، کۆمەڵ، یەکگرتوی ئیسلامی، مەکۆی بزوتنەوەی گۆڕان، قایمقامیەتی سەیدسادق، بنکەی پۆلیسی شارۆچکەکە و ماڵی قایمقامی سەیدسادق لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە سووتێنراون. دوو کەس لە خۆپیشاندەران و دەیان کەسیش لەلایەنە سیاسییەکان و لایەنگرانیان برینداربوون.