وازهێنانی لەناکاوی کافایین کاریگەری نەرێنی لەسەر جەستە دروست دەکات

پسپۆڕانی بواری تەندروستی ئاماژە بەوە دەدەن، ڕاگرتنی لەناکاوی خواردنەوەی ئەو ماددانەی کافایینیان تێدایە (وەک قاوە و چا)، دەبێتە هۆی دەرکەوتنی چەند نیشانەیەکی بێزارکەر، کە بە "نیشانەکانی کشانەوە" دەناسرێن، دیارترینیان سەرئێشەی توند و هەستکردن بە بێهێزییە.

بۆچی جەستە کاردانەوەی دەبێت؟

بەگوێرەی توێژینەوە پزیشکییەکان، کافایین کاردەکاتە سەر وەرگرەکانی مێشک و ڕێگری دەکات لە ماددەی "ئەدینۆسین" کە بەرپرسە لە هەستی خەواڵوویی. کاتێک بە شێوەیەکی کتوپڕ کافاین ڕادەگیرێت، کاریگەری ئەو ماددەیە لە مێشکدا بە خێرایی بەرز دەبێتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی تێکچوونی مەزاج و ماندوێتییەکی زۆر.

باوترین نیشانەکانی وازهێنان لە کافایین:

- سەرئێشەی بەردەوام.
- خەواڵوویی و تەمەڵی.
- کەمبوونەوەی تەرکیز و ئاڵۆزبوونی مێشک.
- ئازاری ماسوولکەکان.
- گۆڕانی خوو و خێرا تووڕەبوون.

ڕێگەی چارەسەر چییە؟

پزیشکان ڕێنمایی دەدەن کە نابێت خواردنەوەی کافایین لەپڕ ڕابگیرێت، بەڵکو دەبێت قۆناغ بە قۆناغ بڕەکەی کەم بکرێتەوە. هەروەها خواردنەوەی ئاوی زۆر و خواردنی تەندروست ڕۆڵی سەرەکییان لە کەمکردنەوەی ئەو ئازارانە هەیە.

بڕی ڕێگەپێدراو چەندە؟

پێویستە کەسانی پێگەیشتوو ڕۆژانە لە 400 ملیگرام کافایین زیاتر نەخۆنەوە، کە بڕەکە نزیکە لە دوو بۆ سێ کوپی بچووکی قاوە. پسپۆڕان هۆشداریش دەدەن، کە خواردنەوە وزەبەخشەکان بڕێکی زۆر زیاتر کافایینیان تێدایە.

سوودەکانی کەمکردنەوەی کافایین:

1- کوالێتی خەو باشتر دەکات و کێشەی بێخەوی نامێنێت.
2-  یارمەتی دابەزاندنی پەستانی خوێن دەدات.
3- دڵەڕاوکێ و فشاری دەروونی کەم دەکاتەوە.
4- پارێزگاری لە سپییەتی و مینای ددان دەکات.
5- کێشەکانی کۆئەندامی هەرس کەم دەبنەوە.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل