ترەمپ: هێرشەکانمان بۆ سەر ئێران بەردەوام دەبن
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، هێرشە ئاسمانییەکانی وڵاتەکەی بۆ سەر ئێران بەردەوام دەبن و جەختی کردەوە کە واشنتن سەرکەوتنی "خێرا و بێوێنە" لە ناوخۆی ئێران بەدەستدەهێنێت کە پێشتر نموونەی نەبووە.
لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی "سی بی ئێس"ی ئەمریکی، دۆناڵد ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، لاریجانی پلانی هەبوو کۆنترۆڵی تەواوی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکات، بەڵام "بەهۆی منەوە پاشەکشەی کرد و رادەست بوو."
سەبارەت بە هەڵوێستی وڵاتانی هاوپەیمان، ترەمپ بە شێوەیەکی بڕیاردەرانە گوتی: "بۆم گرنگ نییە هاوپەیمانەکان چی دەکەن، با هەرچییەکیان دەوێت بیکەن، تەنیا ئەوانەی دڵسۆزن لەگەڵمان دەمێننەوە." هەروەها رەخنەی لە بەریتانیا گرت و ناردنی دوو کەشتی فڕۆکەهەڵگری لەلایەن ئەو وڵاتەوە بە هەنگاوێکی "درەنگوەخت" وەسف کرد.
سەرۆکی ئەمریکا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بۆ رۆژنامەنووسان لە ناو فڕۆکەی سەرۆکایەتی، ئاشکرای کرد کە هیچ ئارەزوویەکی بۆ دانوستان لەگەڵ تاران نییە. ترەمپ هۆشداری دا کە رەنگە ئەم جەنگە تەنیا کاتێک کۆتایی بێت کە ئێران نە سوپایەکی کاریگەری مابێت و نە هیچ سەرکردایەتییەک لە دەسەڵاتدا مابێتەوە.
ترەمپ راشیگەیاند، بەردەوامی هێرشە ئاسمانییەکان رەنگە پرسی دانوستان بکاتە بابەتێکی بێبەها، چونکە وەک خۆی دەڵێت: " لەوە ناچێت کەس لە سەرکردایەتی ئێران بمێنێتەوە بۆ ئەوەی بڵێت ئێمە رادەست دەبین."