ترەمپ: پرۆسەی بەرهەمهێنانی چەک خێراتر دەکەین
سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا سەرۆکی ڤەنزوێلای بە پیاوێکی توندوتیژ وەسفی کرد و هۆشداریشی دا، دەبێت پرۆسەی بەرهەمهێنانی چەک خێراتر بکەین.
سێشەممە 6ی کانوونی دووەمی 2026 دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە گوتارێکدا ئاماژەی بەوە دا ئۆپەراسیۆنەکە زۆر ئاڵۆز بووە و نزیکەی 152 فڕۆکە تێیدا بەشدار بوون. سەبارەت بە زیانەکان گوتی: سەرسوڕهێنەر بوو، بیر لەوە بکەنەوە کەس لە ئێمە نەکوژرا، بەڵام بەداخەوە لە لایەنی بەرانبەر خەڵکێکی زۆر کوژران کە زۆربەیان سەربازی کووبی بوون.
ترەمپ نیکۆلاس مادورۆی بە پیاوێکی توندوتیژ وەسفی کرد و گوتی: ئەو پیاوێکی توندوتیژە، هەوڵ دەدات لاسایی سەمای من بکاتەوە، بەڵام ئەو ملیۆنان کەسی کوشتووە و لە ناوەڕاستی کاراکاس ژووری ئەشکەنجەدانی هەبووە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ترەمپ ستایشی سوپای وڵاتەکەی کرد و گوتی: ئەمەریکا خاوەنی پێشکەوتووترین و کوشندەترین سوپایە لەسەر زەوی و کەس ناتوانێت بەرەنگارمان ببێتەوە.
هاوکات ڕەخنەی لە خاوی پرۆسەی بەرهەمهێنانی چەک گرت و هۆشداریدا: ئێمە بەپێی پێویست بە خێرایی چەک بەرهەم ناهێنین، بەڵام ئەمە دەگۆڕین و زۆر توند دەبین لەگەڵ کۆمپانیاکان بۆ ئەوەی بەرهەمهێنان خێراتر بکەن.
ڕۆژی شەممە بە فەرمانی ڕاستەوخۆی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا هێزە تایبەتەکانی ئەو وڵاتە بە پاڵپشتیی فڕۆکەی جەنگی و هەلیکۆپتەر، ئۆپەراسیۆنێکی کتوپڕیان بۆ سەر شوێنی مانەوەی نیکۆلاس مادورۆ لە ڤەنزوێلا ئەنجام دا و توانییان خۆی و خێزانەکەی دەستگیر بکەن.