تۆم باراک: دانوستانەکانی سووریا و ئیسرائیل پێشکەوتنی بەخۆیەوە بینیوە

تۆم باراک، نوێنەری ئەمەریکا بۆ سووریا ڕایگەیاند؛ کۆبوونەوەی نێوان بەرپرسانی سووریا و ئیسرائیل گەیشتووەتە قۆناغێکی پێشکەوتوو.

لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی (i24NEWS)ی ئیسرائیلی باراک ئاشکرای کرد؛ زنجیرەیەک کۆبوونەوەی گرنگ بە نێوەندگیری ئەمەرکا ئەنجامدراون و ئەنجامی بەرچاویان هەبووە.

یەکێک لە گرنگترین دەستکەوتەکان، ڕێککەوتنە لەسەر دامەزراندنی میکانزمێکی هاوبەشی هەواڵگری لە نێوان سووریا، ئیسرائیل و ئەمەریکا.

بە گوتەی باراک، ئەم میکانیزمە وەک سەکۆیەک دەبێت بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان و ئاڵوگۆڕی بەردەوامی زانیارییە هەواڵگرییەکان، ئەمەش ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی گرژییە سەربازییەکان. ئاماژەی بەوەش کرد؛ تیمەکانی ئەم میکانیزمە لە بنکەیەک لە وڵاتی سێیەم کار دەکەن.

لەلایەکی دیکەوە نوێنەری ئەمەریکا بۆ سووریا ئاماژەی بەوەدا، بۆ یەکەمجار لە مێژووی نوێی ناوچەکەدا، هەردوولا دەستیان بە گفتوگۆ لەسەر پرسە مەدەنییەکان، لەوانە کەرتەکانی پزیشکی، کشتوکاڵ و وزە.

باراک دەڵێت: تیشک خستنە سەر دەرفەتە ئابوورییەکان و کردنەوەی گفتوگۆی ڕاشکاوانە، ڕێگە بۆ هاوکارییەکی بەرهەمدار و بەردەوام خۆش دەکات.

سەبارەت بە هەڵوێستی سیاسی نوێ، باراک ڕایگەیاند: "حکوومەتی نوێی سووریا بە بێ دوودڵی دووپاتی کردووەتەوە، هیچ نیازێکی دوژمنکارانەی بەرامبەر ئیسرائیل نییە و دەیەوێت پەیوەندییەکان لەسەر بنەمای ڕێزگرتن و پێکەوەژیانی ئاشتیانە بێت." 

ئاماژەی بەوەش کرد؛ ئیسرائیل بە جۆش و خرۆشەوە پێشوازی لەم گۆڕانکارییانە دەکات و هەوڵەکانی حکوومەتی نوێی سووریا بۆ هاوکاریی بنیاتنەر بەرز دەنرخێنێت.

لای خۆیانەوە سەرچاوە ئاگادارەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە هێشتا زۆرێک لە پرسەکان لە قۆناغی سەرەتاییدان و ڕێگایەکی درێژ لەبەردەم هەردوولادایە بۆ گەیشتن بە تێگەیشتنێکی هەمەلایەنە و کۆتایی، بەڵام ئەوەی تا ئێستا بەدەست هاتووە بە "هەنگاوێکی مێژوویی بۆ پێشەوە" هەژمار دەکرێت.

 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment | فلاي اربيل